ناوی مەسرور بارزانیش لە لیستە ئیسرائیلیەكەدا هەیە

21/07/2021

نەوا-
بڵاوبوونەوەی لیستێك ناوی كەسایەتییە سیاسی و سەرۆك و رۆژنامەنوس كە لە 50 هەزار ناو پێكهاتووە و كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی سیخوڕی بەسەرەوە كردون یاخود هەوڵیداوە، لە جیهاندا هەرای نایەوە و بەپێی راپۆرتێكیش چەندین كەسایەتی عێراقی تێدا بووە یەكێك لەوانەش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمە.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "دەرەج"ی لوبنانی، بەرنامە سیخوڕیەكانی كۆمپانیای NSOی ئیسرائیلی لە رێگەی پرۆگرامی "پیگاسوس" چەندین كەسایەتی سیاسی عێراقی گرتووەتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
رونیشكراوەتەوە، یەكێك لەو كەسایەتیانەش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها چەند كەسێكی نزیكی لەوانەش راوێژكارە ئەمنییەكانی، كە بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك و 6 مانگ مۆبایلەكەی مەسرور بارزانی ئەگەری هاككردنی لەسەر بووە بۆ بەرژەوەندی ئیمارات.
رونیشكراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش لیستەكە ناوی چەندین كەسایەتی تری كورد تێدا بووەكە زۆرینەیان كەسایەتییە چالاكەكان بوون لە سیاسەت و ئەمنییەت و رۆژنامەگەرییدا.
بەپێی لیستەكە، هەریەكە لە ناوەكانی "بەرهەم ساڵح، محەمەد حەلبوسی، عادل عەبدولمەهدی، مستەفا كازمی" لەناو لیستەكەدان، هەروەها "عەلی ئەعرەجی" كە ئەفسەرێكی گەورەی سوپای عێراقییە لە هەمان لیستدایە، سیخوڕیەكانیش لە بەرژوەندی ئیمارات و سعودیە كراون یاخود هەوڵ دراوە بكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group