داوا لە هاوڵاتیانی ئێران دەكرێت لە هەرێمی كوردستانەوە نەچنە خاكی عێراق

18/09/2021 جیهان

نەوا-
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا، داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات لە سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە نەچنە ناو خاكی عێراق، چونكە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن.
ئیرەج مەسجدی بە ئاژانسی میهری وڵاتەكەی وتووە، پێویستە سەرجەم گەشتیاران و سەردانیكەران لە رێگەی فڕۆكەوە بچنە خاكی عێراقەوە، ئەوەش بەپێی رێكەوتنی نێوان هەردوو وڵات و حكومەتی عێراقیش جەختی لەسەر ئەو خاڵە كردووەتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، سەردانیكەرانی ئێران تەنها لەكاتی گەڕانەوە دەتوانن لەسنورەكانەوە بگەڕێنەوە خاكی ئێران، ئەویش تەنها لە دەرزازەی سنوریی "مەهران"ەوە، هەروەها ئامۆژگاری گەشتیاران دەكەن لە دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستانەوە نەچنە خاكی عێراق چونكە ئەو دەروازانە تەنها بۆ چوونە ناو ئێرانن لەلایەن هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە.
باڵیۆزی ئێران هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەركەس لەو سنورانەوە بچێتە خاكی عێراق لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن و بەپێی یاساش حكومەتی عێراقی دەتوانن هەر گەشتیارێك دەستگیر بكەن و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكەن ئەگەر لە شوێنێكی رێگە پێنەدراوەوە بچێتە خاكەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group