هەسەدە: 23 دیلی تری دەست چەكدارانی داعش لە گرتوخانەی غوێران رزگار كران

26/01/2022 جیهان

نەوا-
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"  بڵاویكردەوە، 23 كارمەندی دیكەی گرتوخانەی غوێران رزگاركران، كە لەلایەن چەتەكانی داعشەوەبە دیل گیرابوون.
هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازیی 
هێزەكانماندا 6 كارمەندی گرتووخانەی غوێران رزگاركران، كە لەلایەن چەتەكانی داعشەوە بەدیل گیرابوون.
رونیشكراوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێكی دیكەدا و كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو 17 دیلی تر رزگار كراون و بەوەش كۆی گشتی رزگار كراوان گەیشتنە 23 كەس، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنینی هێزەكانیان لە گرتووخانەكە بەردەوامە.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە و لە ناوەوەش زیندانییەكان هەڵاتن و  چەند رۆژێكە شەڕ بەردەوامە، دەیان چەكداری داعش كوژراون و دەیانی تریش دەستگیر كراونەتەوە.

 

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group