بانكی رافیدەین هۆشداری دەداتە فەرمانبەران و موچەخۆران

04/12/2022 عێراق

نەوا – 
بانكی رافیدەین هۆشداری دەداتە فەرمانبەران و موچەخۆرانی عیراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان كە بە كارتی ئەلكترۆنی موچە وەردەگرن، زانیاریەكانیان نەدەن بە هیچ كەس و كۆمپانیا و بانكێك بۆ ئەوەی فێڵیان لێ نەكرێت.
بانكەكە لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی بە كارتی ئەلیكترۆنی موچە وەردەگرن، بە هیچ شێوەیەك زانیارییەكانیان نەدەن بە كەس و كۆمپانیا و بانكەكان.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەر كەسێك بانگەشەی ئەوەی كرد سەر بە كۆمپانیا و بانكەكانە، داتا و زانیارییەكانتانی پێمەدەن، بۆ ئەوەی فێڵیان لێنەكرێت و فریو نەدرێن، ژمارەی نهێنیی سەر كارتەكانتان بە كەس نەدەن و رێگەنەدەن كارتی ئەلیكرۆنی موچەكانتان كۆپی بكرێت یاخود وێنەی بگیرێت.
بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی شارەكانی عیراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە موچەیان لەسەر حكومەتی عیراقە، بە شێوەی ئەلكترۆنی و لە رێگەی كارتەوە موچەكانیان وەردەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group