لە هۆڵەكەی حەمدانییە چی رویدا ؟

27/09/2023 عێراق

نەوا - 
بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەی هۆڵی "هەیسەم" لە حەمدانیەی سەربە پارێزگای نەینەوا، كە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا، یاری ئاگرین بووە و خاوەن و كارمەندانی هۆڵەكەش دەستگیر كراون.
بەپێی زانیاری میدیاكانی عیراق، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی ئاهەنگەكەی حەمدانییە گەیشتوونەتە 115 كەس، زیاتر لە 200 كەسیش بریندار بوون.
ئاهەنگەكە رۆژی شادی و بەیەكگەیشتنی نێوان "حەنین و ئیرڤان" بووە و زیاتر لە هەزار كەس بەشدارییان كردووە، لەكاتی سەمای بوك و زاوا یاری ئاگرین هەڵدراوە و بووەتە هۆی كەوتنەوەی ئەو كارەساتە، یاریە ئاگرینەكان بەر سەقفی هۆڵەكە كەوتوون كە ماددەیەك بووە زوو گڕ دەگرێت و شایتحاڵان دەڵێن، هۆڵەكە لە چەند خولەكێكدا بووە بە دۆزەخ.
بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لە قوربانییەكان لاشەكانیان بە تەواوەتی سوتاون و لەگەڵ پاشماوەی هۆڵەكە تێكەڵ بوون، هەروەها نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە چەندین شار و شارۆچكەی دیكەش لەوانەش هەولێر و دهۆك خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و 15 نەخۆش كە بەشێكیان منداڵن گەیەندراونەتە هەولێر كە هەموویان برینەكانیان سەختن.
لای خۆشیەوە پارێزگاری نەینەوا ماوەی یەك هەفتە پرسەی راگەیاندووە، هەروەها بەپێی زانیارییەكان خاوەنی هۆڵەكە و 8 كەسی دیكە كە لەوێدا كاریان كردووە دەستگیر كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group