ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە ئاگرەكەی حەمدانییە راگەیەندرا

01/10/2023 عێراق

نەوا - 
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە ئاگری هۆڵی بۆنەكانی حەمدانییەی ئاشكرا كرد و تێیدا هاتووە، هۆكاری ئاگرەكە یاری ئاگرین بووە، قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری كارەبای حەمدانییە لە روداوەكە بەرپرسیارن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لە ئاگری هۆڵەكەی حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوای ئاشكرا كرد و تێیدا هاتبوو، هۆڵەكەی 4 دەرگای هەبووە و تەنها یەكیان بەكارهێنراوە، هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە یاری ئاگرین بووە كە بەر ماددەیەك كەوتووە زۆر خێرا گڕدەگرێت.
باس لەوەشكرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە 600 كەس لە هۆڵەكە رزگار كراون، 21 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا بەشدار بوون، تاوەكو ئێستا 108 گیانیان لەدەستداوە و 82ی دیكە بریندارن.
سەبارەت بە تۆمەتبارن رونكراوەتەوە، 10 كەس بەهۆی روداوەكەوە دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەكرێت، قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری كارەبای حەمدانییە لە روداوەكە بەرپرسیارن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group