نەوا-
هەرێمی كوردستان خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوادا دەگونجێنێت و لە دو ساڵی رابردوشدا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێككەوتننامەی ژینگەیی پاریس لەڕوی پابەندییەكانەوە پێش عیراق كەوتوە.
عەبدولرەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە فەرمانگەی میدیاو زانیاری راگەیاندوە: لە ١٥ـی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١، ئێمەو عیراق پێكەوە بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانیمان پێشكەشی رێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە كردوە، وتومانە لەساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٣٠ دەتوانین پابەندی ئەو خاڵانە لە بواری كەمكردنەوەی گازە گەرمكەرەكان و خۆگونجاندنی ژینگەیی بین.
لەساڵی ٢٠٢١ەوە كارەكان دەستیان پێ كردوەو ئەم دوو ساڵە هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە، نەتەوە یەكگرتوەكان و وەزارەتی ژینگەی عیراق و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم دەبینن، هەرێمی كوردستان لە پابەندبون بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بەوەی لە نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكاندا هاتوە لەچەند خاڵێكدا پێش عیراق كەوتوەو خاڵەكانی جێبەجێ كردون.
عەبدولڕەحمان سدیق گرنگترین هەنگاوەكانی بەرەنگاریی گۆڕانی كەشوهەوای لە هەرێمی كوردستان خستەڕو و وتی: لە بواری كارەبادا بەرهەمهێنانی كارەبامان بە دوو رێگەیە، ٨٠%ی ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنین بە گازی شلەو وازمان لە نەوتی رەش هێناوە، هەروەها كارەبا لە سێ ناوچەی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی غازی هاوەڵەوە بەرهەم دەهێنین، كاتێك نەوت دەردەهێنین، غازێك دەردەچێت و دەسوتێت، لە عیراقدا تائێستا بەفیڕۆ دەڕوات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان توانیومانە بۆ وزە بیگۆڕین و كارەبای لێ بەرهەم بهێنین.
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لە بواری كارگەی خشتدا بەرهەمهێنان لە بەكارهێنانی نەوتی رەشەوە بۆ غازی شل گۆڕاوە، لە هەمانكاتدا پاشەڕۆ و پاشماوەی فڕێدراو لە هەندێك كارگەی چیمەنتۆ دەسوتێنرێن و وزەی لێ پەیدا دەكرێت لە بری فڕێدانیان، هەروەها كارگەكانی ئاسن لە بری نەوتی رەش رویان كردوەتە گازوایل.
عەبدولڕەحمان سدیق دەشڵێت: لە بواری روبەری سەوزایی لەو ڕاپۆرتەدا كە پێشكەشی رێككەوتننامەی پاریس كراوە، عیراق دانی بەوەدا ناوە كە هەرێمی كوردستان شتێكی داهێناوە، ئەویش ئەوەیە هەموو پرۆژەیەك دەبێت ٢٥%ی پرۆژەكەی بكاتە سەوزایی، خۆ ئەگەر بەر لەو یاسایە پرۆژەكە جێبەجێ كرابێت، دەبێت لە شوێنێكی دیكەی پارێزگاكە سەوزاییەكە بكات (پرۆژەی لەبری سەوز).
بەگوتەی سەرۆكی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لە خاڵێكی تردا ئەو سیتی و شارانەی دروست كراون، هەموی پێی دەگوترێت شاری گەشەپێدانی بەردەوام، ئاوەڕۆكانیان دووبارە چارەسەر دەكەن و كارەباكەیان وزەی سۆلالیی زیاتری تێدا بەكار دێنن. هەروەها ئێستا هەموو ئاوەڕۆی هەولێر دووبارە بەكار دەهێنرێتەوە و چاك دەكرێتەوە، دەكرێت بە ئاوێك شیاو بێت بۆ كشتوكاڵ؛ ئەم خاڵانە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانن و لە ناو ڕێككەوتننامەكەدا نووسراوە.
هەرێمی كوردستان و عیراق دەتوانن لە سندوقی نێودەوڵەتیی ژینگە سوودمەند بن
بەپێی وتەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان، ٨٠%ی هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوا لە ئەستۆی وڵاتانی كۆمەڵەی بیست (G20)ـە، كە وڵاتانی پێشكەوتوی پیشەسازین، عیراق لە وڵاتانی زیانمەندە وەكو پێنجەمین وڵاتی زیانمەندی جیهان كە پێویستیان بە قەرەبوە، وڵاتانی ژینگەپیسكەر دەبێت پارە بخەنە (GEF) كە سندوقی ژینگەی جیهانییە، عیراقیش بە هەرێمی كوردستانەوە دەتوانن باس لە زیانەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی پارەیان لەو سندوقە بۆ دەربكرێت.
هەرێمی كوردستان بەشداریی كۆنفرانسی ژینگە لە ئیمارات دەكات
عەبدولڕەحمان سدیق رایگەیاند: بەشداریی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی جیهانیی ژینگە لە ئیمارات، بەشدارییەكی كاراترە لە كۆنفرانسەكانی پێشووتر، كە لە شوێنی تر گرێدران، ئەو گفتوگۆیانەی لە بارەی ژینگەوە لەگەڵ وڵاتان دەیكەین، كار و ڕاهێنانیان لەسەر كراوە. بەشدارانی كۆنفرانسەكە سیاسەتكار و كەسانی فەرمی و وەزارەت و دەستەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسانی كاریگەری جیهانیین. ئەمەش بۆ دوو هەنگاو: كەمكردنەوەی ئەو گازانەی بوونەتە هۆی گەرمكردنی گۆی زەوی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.
وڵاتان بەشداری لە سەوزكردنی هەرێمی كوردستاندا دەكەن
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە راشیگەیاند:"زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی یەكێكی دیكەیە لە ئەركی سەرشانی وڵاتانی پیشەسازی، هەروەها پێویستە گازە گەرمكەرەكانی خۆیان كەم بكەنەوە. زۆریان لە وڵاتی خۆیان ڕووبەری سەوزاییان هەیە و دەشبێت پابەندی چاندنی سەوزایی زیاتر بن وەكوو مەرجێك لە پاراستنی ژینگەی جیهانی، كەواتە چۆن زیادی بكەن؟ ئێمە پەیوەندیمان بەو وڵاتانەوە كردووە بێن لە كوردستان قەرەبووی ڕووبەری سەوزایی بكەنەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش سوودی بۆ ئەوان دەبێت و هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی ژینگەییەوە سوودی لێ دەبینێت. بۆیە چەند پرۆژەیەك هەن، بە بەشداریی چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ڕووبەری سەوزایی لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیاد بكەن.''
كابینەی نۆیەم كابینەی پاراستنی سەرمایەی ژینگەییە
لەبارەی ڕوانگەی كابینەی نۆیەم بۆ پرسی ژینگە عەبدولڕەحمان سدیق، وتی: لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا، لە بەشی خزمەتگوزارییەكاندا، بایەخێكی زۆر بە بواری ژینگە دراوە. دەڵێت: ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە. لەبەرئەوە دەبینین لە هەرێمی كوردستان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوامان هەیە، بە سەرۆكایەتیی دەستەی ژینگە و هەموو وەزارەتەكانی هەرێم، لیژنەی تەكنیكی و هونەری هەن كە شارەزان لەو بوارەدا؛ خۆشبەختانە مانگی ڕابردوو سەرۆكایەتیی دیوان لە ئەنجوومەنی وەزیران، تیمێكی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوای دامەزراند، كە وەزیرەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا و دەستەی ژینگە تێیدا ئەندامن، تیمێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێیدا ئەندامە و بەردەوام كار بۆ ئەو ئامانجە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان بچێتە ناو قۆناغی تەواوەتیی پاراستن و پێشكەوتنی ژینگەییەوە.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژینگەی وەكوو پرسێكی ستراتیجی و گرنگی هەرێمی كوردستان هەژمار كردووە و لەڕووی هۆشیاری و پەروەردەیی و یاسایی، بەردەوام كار بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و گەشەپێدانی دەكات. ئەمە جگە لە بەشدارییە نێودەوڵەتییەكانی ئەو بوارە و بەشداریكردن لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهان وەكوو هەڕەشەیەكی فرەڕەهەند لەسەر وڵاتان.