ئیسرائیل 39 دیلی فەڵەستینی ئازاد كرد

26/11/2023 جیهان

نەوا-
حكومەتی ئیسرائیل لە دوەم رۆژی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكاندا لەگەڵ حەماس، 39 بەدیلگیراوی فەڵەستینی كە 3یان منداڵن و شەشی دیكەشیان ئافرەتن، ئازاد كرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستین  بڵاویكردەوە، ئەو بەدیلگیراوە فەڵەستینیانەی كە لە دوەم رۆژی جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكاندا، لە گرتوخانەی ئۆفەر ئازادكراون بە پاس و ئۆتومبێلەكانی سەربە كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور گواستراونەتەوە بۆ شارۆچكەی بیرە لە كەناری رۆژئاوا.
راشیگەیاندوە، شەش لەو بەدیلگیراوە فەڵەستینیانەی كە ئازاد كراون ئافرەتن هاوكات سەدان فەڵەستینی بە بەرزكردنەوەی ئاڵای فەڵەستین و حەماسەوە بۆ پێشوازی كردن لە دیلە ئازادكراوە فەڵەستینییەكان لە شارۆچكەی بیرە گردبونەوە.
رۆژی هەینی رابردو، بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی كە بە نێوەندگیری قەتەرو میسر لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامدرا، بۆ ماوەی چوار رۆژ راگرتنی مرۆیی پێكادانەكان راگەیەنراو لەمماوەیەدا 150 دیلی فەڵەستینی و 50 دیلی ئیسرائیلی ئازاد دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group