سەركەوتنی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان بەئەزمونیی لەعیراق راگەیەنرا

13/06/2024 عێراق

نەوا-
وەزارەتی پلاندانانی عیراق سەركەوتنی سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی بەشێوەی ئەزمونیی لەسەرتاسەری عیراق راگەیاند.
زیا عەواد كازم سەرۆكی دەستەی ئامارو رێكخستنی زانیارییە جوگرافیەكان لەوەزارەتی پلاندانان لەپرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێریی ئەزمونیی لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراقدا بەهەرێمی كوردستانیشەوە سەركەوتنی بەدەستهێناوە، لەو پرۆسەیەدا زیاتر لە یەك هەزار فەرمانبەر بەشداریان كردوە دابەشكران بەسەر نوسینگەكانی كاركردن و مەیدانیی لە پارێزگاكاندا.
زیا كازم وتیشی: لە پرۆسەكەدا 86 ناوچە دەستنیشان كران تیایدا 41 گەڕەك و 45 گوند لە دەوربەری پارێزگاكان سەرژمێرییە ئەزمونییەكەی تیادا كرا كە ماوەی 14 رۆژ بەردەوام بو.
وتیشی: دوای ئەوەی كاری ژمارەلێدان لە خانو و بیناكان تەواو بو لە بەراوردكاریدا لەگەڵ نەخشەی ئامارە یەكانگیر بو كە لەرێگەی وێنەی مانگە دەستكردەكانەوە گوازرابونەوە، ئەمەش بە بەكارهێنانی زانیارییە جوگرافییەكان ئەنجامدرا كە لەسەر ئامێرەكانی تابلێت دانرابون.
سەرۆكی دەستەی ئاماری پلاندانانی عیراق راشیگەیاند، لە پرۆسەكەدا سەرژمێریكردنی خێزانەكان بەشێوەیەكی زۆر خێرا دەگوازرانەوە بۆ ناوەندی تۆماركردنی زانیارییەكان و هیچ بەربەست و كێشەیەك بۆ پرۆسەكە دروست نەبو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group