نەوا-
عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد ئیسحاقدار وەزیری دەرەوەی پاكستان رایگەیاند، ئیسرائیل بە كردنە ئامانجی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لەتاران هێڵی سوری گەورەی بەزاندوەو بەدڵنیاییەوە وڵاتەكەی وەڵامی تەل ئەبیب دەداتەوە.
بەپێی راگەیانراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باقری سەبارەت بە كوشتنی هەنییە بە ئیسحاقداری راگەیاندوە، هەنییە میوانی تاران بوەو ئیسرائیل هێرشەكانی بەشێوەیەك فراوان كردوە كە یەمەن، لوبنان و تارانیشی گرتوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەكردنە ئامانجی هەنییە دوو دەرەنجامی دەبێت، یەكێك لەوانە ئێران وەڵامی ئەم تاوانە دەداتەوە، ئەوی دیكەیان ئەوەیە كە ئیسرائیل بە زیادكردنی كردەوەكانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكە تێكدەدات و پێویستە وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر ئەمە بێدەنگ نەبن.