راوێژكارێكی سەرۆك كۆمار: پارتی و یەكێتی بە ئاسانی پرسی سەرۆكایەتی كۆمار یەكلاییدەكەنەوە

28/08/2018 عێراق

نەوا


راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عیراق باس لەوەدەكات یەكێتی و پارتی بە ئاسانی لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار رێكدەكەون، هاوكات ئاماژە بەوەشدەكات ئەگەر د.فوئاد مەعسوم بیەوێت لەو پۆستەیدا بمێنێتەوە، بەمنزیكانە داواكاری پێشكەش دەكات.
لە میانی بەرنامەی "لەگەڵ رووداوەكان"ی رادیۆ نەوا، عەبدوڵڵا عەلیاوایی راوێژكاری د.فوئاد مەعسوم سەرۆكی كۆماری عێراق سەبارەت بەوەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاندبوو، بەپێی خاڵبەندی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ئەوان دەبێت، وتی: "بەپێی زانیاریەكانم تا ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو بابەتە هیچ دانوستانێكیان نەكردووە و ئەمە یەكەمجارە كە دەبیستم پارتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی بزانێت و داوای بكات".
سەرباری ئەوەش راوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بڕوای وایە یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق لە نێوان پارتی و یەكێتی بە ئاسانی تێپەڕدەبێت.
سەبارەت بەوەی كە ئایا د.فوئاد مەعسوم خواستی ئەوەی هەیە جارێكی تر لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماردا بمێنێتەوە، عەبدوڵڵا عەلیاوایی وتی: "تا ئێستا ئەو پرسیارەم لە د.فوئاد مەعسوم نەكردووە، بەڵام ئەگەر نیازی هەبێت لە رۆژانی داهاتوودا داواكاری پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، ئەگەریش نیازی نەبێت ئەوە بابەتێكی ترە، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە یەكلایی نەبوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group