ڕێككەوتنی خۆر عەبدوللا چۆن دەستیپێكرد؟
3 رۆژ پێش ئێستا
ڕێككەوتنی خۆر عەبدوڵڵای نێوان عێراق و كوەیت دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2012، ئەمەش لە چوارچێوەی یەكلاكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دوای دەیان ساڵ لە گرژی بەهۆی لەشكركێشی عێراق بۆ سەر كوەیت لە ساڵی 1990.
لێرەدا كورتە مێژوویەك لە سەرەتای ئەم ڕێككەوتنە دەخەینەڕوو:
پاشخانی مێژوویی:
خۆر عەبدوڵڵا ڕێڕەوێكی ئاوییە كە دوورگەكانی بوبیان و وەربای كوەیتی لە كەناراوەكانی عێراق جیادەكاتەوە و گرنگترین دەرچەی دەریایی عێراقە بۆ كەنداو.
دوای 2003 حكومەتی عێراق و كوێت دەستیان بە هەنگاوەكانی باشتركردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی گرژییە سنوورییەكان كرد، ئەمەش بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش.
سەرەتای فەرمی ڕێكەوتنەكە:
لە ساڵی 2012 ڕێككەوتنێك لە نێوان حكومەتی عێراق (بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی) و حكومەتی كوەیت واژۆ كرا، كە ناوی "رێككەوتننامەی ڕێكخستنی كەشتیوانی دەریایی لە گەرووی خۆر عەبدوڵڵا" بوو، ڕێككەوتنەكە بەپێی بڕیاری ژمارە 833ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 1993 واژۆ كراوە كە سنووری وشكانی و دەریایی نێوان هەردوو وڵاتی لەدوای جەنگی دووەمی كەنداو دیاریكردووە.
لە ساڵی 2013 پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی یاسای ژمارە 42ی ساڵی 2013 ڕێككەوتنەكەی پەسەند كرد، یاسایەك كە دواتر مشتومڕی دەستووری سەبارەت بە میكانیزمی دەنگدان (ئایا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بوو یان نا) لێكەوتەوە.
گرنگترین خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە:
ڕێككەوتنەكە ڕێكەوتنی كەشتیوانی هاوبەشی دەریایی لە گەرووی خۆر عەبدوڵڵا ڕێكدەخات.
جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری یەكتر و دەستەبەركردنی سەلامەتی كەشتیوانی و دامەزراندنی كەناڵ و بەندەرەكانی كەشتیوانی بە شێوەیەك دەكات كە زیان بە هەردوو وڵات نەگەیەنێت.
ڕێككەوتنەكە سنوورێكی نوێی دانەمەزراند، بەڵكو ڕێكخستنی كەشتیوانی بەپێی ئەوەی پێشتر لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاریكرابوو.
تێبینی گرنگ:
لە كاتێكدا هەردوو حكومەت لەسەری ڕازی بوون، بەڵام ڕێككەوتنەكە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەوە،و دواتر ئەمە لە لایەن بەشێك لە سیاسەتمەدارانی عێراقەوە ڕەتكرایەوە، ئەوان بە پێشێلكردنی سەروەری عیراقیان زانی بەسەر ئاوەكانیدا، بەتایبەتی دوای دروستكردنی بەندەری موبارەك ئەلكبیر لە كوێت، كە هەندێكیان بە سنوورداركردنی كەشتیوانی عێراقییان زانی، دواتر ئەم مشتومڕە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2023 بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە پەرەی سەند
پێشهاتەكانی ئەم دواییە:
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆك وەزیران دوو تانەیان لە دژی بڕیارەكەی دادگا تۆمار كرد و داوا لە دادگا كرا كە بە دۆسیەكە بچێتەوە.
دوو دانیشتنەكە بۆ كۆتایی مانگی نیسان و دواتر بۆ كۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دواخرا، بەبێ ئەوەی دانیشتنی گشتی ئەنجام بدرێت.
ڕۆژی 19ی حوزەیرانی 2025، نۆ دادوەر (شەش دادوەری هەمیشەیی و سێ یەدەگ) دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە دادگای باڵا ڕاگەیاند.
هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەوان بۆ فشارە ناوخۆییەكان و ناكۆكی نێوانیان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرۆكی دادگا و جێبەجێكردنی ئەو دانیشتنانەی پەیوەستن بە دۆسیەی خۆر عەبدوڵا و مووچەی كوردستان.
پەرلەمانتار ڕائید مالیكی ئاماژەی بەوەدا كە "فشارەكان" بەهۆی دۆسیەی خۆر عەبدوڵڵا بووە، ونیگەرانی دەربڕی لەوەی "دادگا بۆتە ئامرازێك بەدەست حكومەت و دەسەڵاتە باڵاكانەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان.
ئەنجام و كاریگەرییەكانی:
لەگەڵ قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، ژمارەی ئەندامانی دادگا دادەبەزێت بۆ خوار نیسابی یاسایی، ئەمەش ڕێگری دەكات لە توانای دانیشتن و دەركردنی بڕیار تا ئەو كاتەی ئەندامی نوێ دەستنیشان دەكرێت.
بە وتەی چاودێران و پەرلەمانتاران.ئەم ڕووداوە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و هاوسەنگی هێزەكان لە وڵاتدا دادەنێت،
پوختە:
دۆسیەی خۆر عەبدوڵڵا گرژی سیاسی و قەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی ناكۆكی دەستووری لە تێكەڵەیەك لە فشارە ناوخۆییەكان ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئەمەش وایكرد ژمارەیەكی بێ وێنەی دادوەر دەست لەكاربكێشنەوە، ودادگای فیدراڵی كێشایە ناو قەیرانێكی دەستوورییەوە و گومانی لەسەر سەربەخۆیی وڵات دروستكرد.
ئامادەكردنی /ئاواز سەلیم عەبدولڵا