نەوا-
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، بەهۆی هەرێمی كوردستانەوە عیراق رۆژانە نزیكەی 300 هەزار بەرمیل نەوت زیانی بەردەكەوێت.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندوە، لەبودجەدا دیاریكراوە هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە، گفتوگۆ و دانوستان لەمبارەیەوە بەردەوامە لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنێكی سەرەتایی كە بەپێی بودجە دیاریكراوە دوای ئەوەی هەموار كرایەوەو نرخی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت دیاریكرا.
وەزیری نەوتی عیراق وتوشیەتی: هەندێك رێگری هەن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە لە سەرویانەوە یاسای بودجەیە هەروەها رێككەوتنێكی وردبینیكراوە لەلایەن هەردو دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی عیراق و هەرێمەوە كە ئەوان دیاریانكردوە بڕی پاڵاوتنی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی 46 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان داوای 65 هەزار دەكات لەكاتێكدا ئەوە پێچەوانەی یاسای بودجەیە.
حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاندوە، لەسەر زۆربەی بڕگەكان گەیشتوەتە رێككەوتن تەنها ئەو بڕگەیە نەبێت، گەشبینن كە لەكۆتاییدا هەرێمی كوردستان رەزامەند بێت لەسەر دابینكردنی ئەو بڕەی دیوانی چاودێریی دارایی پەسەندیكردوە بەئامانجی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە.
وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوەشكردوە، حكومەتی عیراق لایەنی توركیاو كوردی وتوە ئامادەن بۆ هەناردەكردنەوەی ئەو بڕە نەوتە لەكۆبونەوەیەكیشدا لەگەڵ وەزیری نەوتی توركیا پێمڕاگەیاندون، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئێستا حكومەتی عیراق نزیكەی 300 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە زیان دەكات بەهۆی ئەو بڕەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت، چونكە ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت لەرێكخراوی ئۆپیك لەسەر عیراق هەژمار كراوە لەكاتێكدا حكومەتی فیدراڵی هیچ سودێكی لێنابینێت.