نەوا-
ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەختی لە چەككردنی ئەو گروپە چەكدارانە كردەو كە بوونەتە هۆی لاوازكردنی سەروەریی عێراق.
تۆمی پیگۆت جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە بۆنەی هەناردەكردنەوەی (نەوتی هەرێمی كوردستان)، لە بەندەری جەیهان پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، كە ئەمەش سوود بە ئابووری عێراق، توركیا و ئەمریكا دەگەیەنێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ماركۆ روبیۆ جەختی لە گرنگیی دەستبەجێی چەككردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق كردووەتەوە كە هەڕەشە لە ژیان و كاروباری ئەمریكییەكان و عێراقییەكان دەكەن و سەرچاوە داراییەكانی عێراق لە بەرژەوەندی تاران تاڵان دەكەن.
راشیگەیاندووە كە وەزیری دەرەوە پابەندبوونی ئەمریكای بۆ كاركردنی نزیك لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكان بەمەبەستی پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان وەك پاراستنی سەروەریی عێراق، پتەوكردنی سەقامگیریی ناوچەكە و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابورییەكان دووپاتكردەوە.