نەوا-
ئەمریكا كاردەكات لەسەر دەركردنی رەشنوسێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە دوای جەنگی دوساڵەی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
ماڵپەڕی جەزیرە رایگەیاند، ماوەی چەند هەفتەیەكە ئەمریكا كاردەكات بۆ دەركردنی رەشنوسی بڕیارنامەیەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە بۆ دامەزراندنی هێزێكی كاتیی نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە كە بە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی ناسراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی تۆكمەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە تا كۆتایی ساڵی 2027 و ئەگەری درێژكردنەوەشی.
باس لەوەشكراوە، ئەمەریكا بە پشتبەستن بە پلانە 20 خاڵیەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی كەرتی غەززە بڕیارنامەكەی بۆ ئەو هێزە نێودەوڵەتییە داڕشتوە، ئەم هێزە بەمەبەستی جێگرتنەوەی سوپای ئیسرائیلە كە هاتۆتە ناو كەرتەكەوە.
لەوبارەیەوە رونكردنەوەی زیاتر دراوەو باس لەوەكراوە كە رەشنوسی پلانەكە بە هەستیار وەسف كراوە بەڵام نهێنی نییە، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا بۆ كەناڵی 12ی ئیسرائیل رونیكردەوە كە ئەو هێزە بۆ ئاشتیپارێزی نییە، بەڵكو بۆ سەقامگیری و زەمینە خۆشكردنە بۆ حكومەتی نوێی فەڵەستین لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.