نەوا-
عاسم جیهاد وتەبێژی پێشوی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندوە، بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە.
عاسم جیهاد بۆ كەناڵی روداو ئاماژەشیكردوە، هەناردەكردن لە باشوورەوە كە پێشتر رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل بوو بە تەواوی پەكیكەوتوە، كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سێكتەری كارەبا دەبێت و هەر كاتێك بەرهەمهێنانی نەوت كەمببێتەوە گازی هاوەڵیش كەمدەبێتەوە، ئەمەش دابینكردنی گازی وێستگەكانی كارەبا پەكدەخات.
وتەبێژی پێشوی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندوە، هاوردەكردنی غازی ئێرانی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە جێگیر نییەو رۆژانە تەنیا 500 بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا دەگات كە تەنیا بەشێكی كەمی پێویستییەكانی عیراق پڕدەكاتەوە.