نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندوە: سەردانی چاوەڕوانكراوی بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێكی پرۆتۆكۆڵی نییە، بەڵكو راگەیاندنی قۆناغێكی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریكا.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا راشیگەیاندوە: لە ئەیلولی داهاتودا هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆتایی بە ئەركی شەڕكردنیان لە دژی داعش دەهێنن و بە یەكجاری عیراق جێدەهێڵن، دوای ئەوەش قۆناغی داهاتو چاوەڕوان دەكەن ئامادەیی ئەمریكا لەڕێگەی هاوبەشی ئابوری، وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە بێت، دەیانەوێت لە قۆناغی هاوبەشی سەربازییەوە بگوازنەوە بۆ هاوبەشییەكی ئابوری بەردەوام و پردێكی ئابوری كارا لە نێوان عیراق و ئەمریكا دروست بكەن كە بەرژەوەندی هەردوو گەل بەدیبهێنێت.