نەوا-
هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەشتەمین كۆنگرەی پەرلەمانی عەرەبی و سەرۆكی ئەنجومەن و پەرلەمانە عەرەبییەكان كە لە قاهیرە بەڕێوەچو وتارێكی پێشكەشكردو لە بەشێكیدا رایگەیاند، عیراق پشتیوانی لەو هەوڵە عەرەبیانە دەكات كە ئامانجیان بونیاتنانی سیستمێكی عەرەبیی یەكگرتوە بۆ ئاسایشی سیبرانی و پەرەپێدانی بەندە یاساییەكانی تایبەت بە پاراستنی داتا، بەهێزكردنی ژێرخانی دیجیتاڵی عەرەبی و پێگەیاندنی توانای نیشتمانی كە توانای سەركردایەتیكردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و پیشەسازی تەكنەلۆژیای هەبێت.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند، لەكاتێكدا باسی داهاتوی دیجیتاڵی هاوبەش دەكەن ناتوانن چاوپۆشی لەو ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییانە بكەن كە روبەڕوی نەتەوەی عەرەب دەبنەوە لە سەروی هەموشیانەوە بەردەوامی ئەو هێرش و پێشێلكاریانەی كە سەروەری وڵاتانی عەرەبی و ئاسایشی گەلانیان كردوەتە ئامانج.
هەیبەت حەلبوسی داواشیكرد، كۆتایی بە هەمو ئەو هێرش و پێشێلكاریانە بهێنرێن كە زیان بە سەروەری وڵاتانی عەرەبی دەگەیەنن، هەروەها داوایكرد رێز لەیاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بگیرێت و چارەسەری سیاسی ئاشتییانە بۆ ململانێ هەرێمییەكان بدۆزرێتەوە.