لەحەوت ساڵدا خەرجییە كردارییەكانی هەرێم زیاتر بوە لە 87 ترلیۆن دینار

6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند لەماوەی نێوان ساڵانی 2019  تا 2025  خەرجییە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەو 7 ساڵەدا گەیشتۆتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی هەرێم رونیشیكردوەتەوە،  لەو ژمارەیە زیاتر لە 65 ترلیۆن دینار خەرجی موچە بوەو زیاتر لە 14 ترلیۆنیش خەرجی بەكارخستن بوە كە بریتییە لە خزمەتگوزارییەكانی رۆژانەی فەرمانگەو وەزارەتەكان، هەروەها زیاتر لە 4 ترلیۆن دینار خەرجی بەرهەمهێنانی كارەباو نزیكەی 4 ترلیۆن دیناری دیكەش خەرجی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو خەرجیانە بەدەرن لەو موچانەی كە لەو ماوەیەدا خەرج نەكراون لەگەڵ رێژەی لێبڕینەكانی خانەنشینی موچەو پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەكانیان، هەروەها لەگەڵ شایستەی كۆمپانیاكان و بەڵێندەران كە خەرج نەكراون  لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەشێكیان بەشێوەی چەك و مەقاسە خەرجكراون بەهۆی كەمی نەختینەی بەردەست لە بانكەكاندا.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندوە كە سەرجەم خەرجییەكانی بەكارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی كارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت و لەدوای ساڵی 2013ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێك لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ناردوە كە بۆتە بەشێك لە تەواوكاری خەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و موچەخۆران.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group