نەوا-
بەسەرۆكایەتی فالح ساری وەزیری دارایی عیراق ئەنجومەنی وزاریی بۆ كاروباری ئابوری بە میوانداری شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی و ئابوری كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنەكە، لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی راپۆرتی لیژنە هاوبەشەكان و پیشنیارەكانی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆداو لەمپەرەكانی بەردەمیان، تیایدا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش بەسەرۆكایەتی دەستەی دەروازە سنورییەكان و نوێنەرانی لایەنە تایبەتمەندەكان لەهەردو حكومەتی هەرێم و بەغداد سەردانی دەروازە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و پاشان راپۆرتێك بەرزبكەنەوە تاكو چارەسەری بكەن و بكرێنە دەروازەیەكی فەرمیی، تەواوی ئەو دەروازانەش دابخەن كە بواری چاكسازیكردنیان نییە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە هەردو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم كڵیشەیەكی یەكگرتوو ئامادە دەكەن تایبەت بە لێخۆشبون و رێپێدانە گومرگییەكان كە لەلایەن ئەنجومەنەكەوە پەسەند بكرێن، هەردولاش گفتۆگۆیانكردوە لەبارەی میكانزمی بەدەستهێنانی داهات لەسنورەكانی هەرێمی كوردستان.