نەوا-
ئاژانسەكانی ئەوروپا بڵاویانكردوەتەوە، حكومەتی وڵاتانی ئەوروپا هێشتا وەك حاڵەتێكی لەناكاو مامەڵە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما دەكەن، لەكاتێكدا شارەزایان دەڵێن دەبێت هەنگاوی جدی بنرێ بۆ گونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوادا.
ئەوەشیانخستوەتەڕو، ئەم شەپۆلە گەرمایەی فەڕەنسای گرتۆتەوە كە پلەی گەرمی پێوانەیی تۆماركردوە تەنها لەو وڵاتەدا نەماوەتەوە بەڵكو شەپۆلە كوشندەكە كاریگەری لەسەر تەواوی كیشوەری ئەوروپا هەبوەو لەكۆتایی مانگی رابردودا هەوایەكی گەرم بەسەر تەواوی ئەوروپادا بڵاوبوەتەوە.
ئاژانسەكان لە راپۆرتەكانیاندا باسیانلەوەكردوە، ئەم هەوا گەرمە لەسەر نیمچە دورگەی ئیبەریی دەستیپێكردوەو پاشان بەرەو فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، سویسرا و ئیتاڵیا رۆیشتوە، تەنها لە فەرەنسادا دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە لوتكەی شەپۆلە گەرماكەدا زیاتر لە هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانیان تۆماركردوە كە زۆربەیان كەسانی بەساڵاچو بون، پێشبینیش دەكرێت ژمارەكە زیاتر بەرزتر ببێتەوە.
تەواوی زانیارییەكانیش باسلەوەدەكەن كە لە شارەكانی تری ئەوروپا قوتابخانەكان داخراون و شەمەندۆفێرەكان پەكیان كەوتوەو نەخۆشخانەكانیش لەژێر فشاری زیاتردان، هەروەها خواست لەسەر ئاو و كارەباو ساردكەرەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیاتر بەرزبوەتەوە.