مەسعود بارزانی: حزبەكەم لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی یادی 16ی ئاب و هەشتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتییەوە پیرۆزبایی گەرمی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و لایەنگرانی حزبەكەی و تەواوی گەلی كوردستان كردوو  و ئاماژەی بەوە كرد، پارتی لە سەردەمێكی دژواردا بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان دامەزراوە.
باسی لەوەشكرد، كە حزبەكەی لە رابردوو، ئێستا و داهاتوودا تەنها ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بەجێگەیاندنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، وتیشی: پارتی قوتابخانەی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە رەواكان بووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ پێكهاتەكان و حكومەتی ناوەندی، مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، پارتی بڕوای پتەوی بە پێكەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان هەیە، هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە پڕەنسیپی هاوبەشی و رێزگرتن لە دەستوور، تەنها زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوەیە لە تەواوی عێراقدا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، بارزانی رووی دەمی كردە ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەی و رایگەیاند، پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی كوردستانە و ئەركی سەرەكی خزمەتكردنی گەلە، پشت بە خودا و ئیرادەی خەڵك، هیچ كۆسپ و ئاستەنگێك ناتوانێت رێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەركە پیرۆزەدا، هەروەها رێز و پێزانی خۆی بۆ كادیران و تێكۆشەرانی حزبەكەی دەربڕی كە لە هەموو بارودۆخێكدا پشتیوانی پارتەكەیان بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group