جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی: هۆكاری نەمانی دەرمان پەیوەستە بە نەبوونی پارە لە بانكەكان
27 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێكدا راگەیاند، بەشێكی زۆر لەو دەرمانانەی ئێستا لە سلێمانیدا نەماون یان كەمبوونەتەوە، لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بۆمان دابیندەكرێت، ماوەی دوو هەفتەش هیچ بڕێكمان لەلایەن بەغداوە بە دەست نەگەیشتووە و خۆشمان ناتوانین بیكڕین.
ئاماژەی بەوەشدا، كێشەكە تەنیا سلێمانی نییە بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆكیش كێشەی كەمیی دەرمانی هەبوو ناچار بوون دەرمان بكڕن، بەڵام ئێمە پارەمان لەبەردەست نییە و توانای كڕینی دەرمانمان نییە.
سەبارەت بە هۆكاری نەمانی دەرمان، د.هێرش سەید سەلیم ئاشكرایكرد، هۆكاری سەرەكی نەمانی دەرمان پەیوەستە بە نەبوونی پارە لە بانكەكان، بەو پێیەی كۆمپانیاكانی دەرمان هێشتا قەرزە كۆنەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین دەرمانی تازە بۆ نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی بكڕن.
باسی لەوەشكرد، كۆگای كۆمپانیاكان پڕن لە دەرمان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دەترسن لەوەی ئەگەر دەرمان دابنیبكەن پارەیان وەرنەگرنەوە و بفەوتێت.
هێرش سەید سەلیم دەڵێت، تەندروستیی سلێمانی بۆ دەرزیی بڕین و كوتانەكان بەتەواوەتی پشت بە بەغدا دەبەستێت و ئەوان دابینیدەكەن، بەڵام ئێستا بڕەكەیان كەم كردووەتەوە و كاتێك دێتە نەخۆشخانەكان بەشی هەفتەیەك ناكات.
هێرش سەید سەلیم هۆشداریی دا و رایگەیاند، دۆخی دەرمان لە سلێمانی زۆر خراپە و بەرەو خراپتریش دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ بانكەكانی سلێمانی و بانكی هەرێم لەسەر هێڵین، ناو بە ناو بڕێك پارە خەرج دەكرێت بەڵام ئەو بڕە پێویستییەكانمان پڕ ناكاتەوە.