شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە شاری بەغدا بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ.
سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، شاندەكە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەكانی پلاندانان و نەوت كۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەكی بەشداریكردنی راستەوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی 2027 و جێگیركردنی پشك و شایستە دەستوری و داراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە پرۆژەیاساكەدا.
ئاماژەشیكردوە، لە كۆبونەوەكاندا شاندی حكومەتی هەرێم تێڕوانین و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە تەرخانكراوی موچەو شایستە داراییەكانی موچەخۆران و پلەو میلاكی وەزیفی، تەرخانكراوی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان، تەرخانكراوی بودجەی بەكاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕو بە ئامانجی رێككەوتنێكی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2027دا.