وتەبێژی حكومەتی عێراق: داخرانی گەرووی هورمز هۆكاری دواكەوتنی مووچەیە

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وتەبێژی حكومەتی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت، هۆكاری درەنگكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ كێشەی نەختینە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی تەنگەی هورمز دەگەڕێنێتەوە.
حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حكومەتی عێراق گرنگترین پەیامەكانی بەغدای لەبارەی دۆسیە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا خستەڕوو.
هەروەها، لەبارەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە گەنجینەی دەوڵەت بەهۆی جەنگ و لێكەوتەكانی قەیرانی تەنگەی هورمزەوە رووبەڕووی كێشەی كەمیی نەختینە بووەتەوە و ئەوەش كار لە خەرجكردنی مووچەی 4.3 ملیۆن مووچەخۆری عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام دەڵێت، مووچە شایستەیەكی یاساییە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق بەبێ جیاوازی.
وتەبێژی حكومەتی عێراق دڵنیایی دا كە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی گومرگیی ئاسیكۆدا زۆر ئەرێنین و خاڵەكانی رێككەوتن زاڵن بەسەر گفتوگۆكاندا و لە كاتێكی نزیكدا رێككەوتنی كۆتایی دەكرێ.
سەبارەت بە رێنماییەكانی یاسای ژمارە 30 بۆ گەڕاندنەوەی زەوی و موڵكەكانی نێو مادەی 140ـیش باسی لەوەشكرد، پرۆسەكە لە رێڕەوی جێبەجێكردندایە و تەنیا چەند وردەكارییەكی تەكنیكی ماون یەكلایی بكرێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group