ئەردۆگان: توركیا هیچ دوژمنایەتییەكی لەگەڵ گەلی ئیسرائیل نییە
2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری "نیوزویك" ئاشكرایكرد، پیشاندانی توركیا وەك سەرچاوەیەكی نوێی هەڕەشە لە لایەن ئیسرائیلەوە هەڵەیەكی گەورەیە و تەنیا بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەیە.
باسی لەوەشكرد، توركیا هیچ دوژمنایەتییەكی لەگەڵ گەلی ئیسرائیل نییە، بەڵكو تەنیا دژی ئەو سیاسەتانەیە كە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكەن.
ئەردۆگان روونیشیكردەوە، توركیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای جەنگ بونیاد نانێت و پاراستنی سەروەریی خاكی سوریا بۆ ئەنقەرە لە پێشینەی كارەكانە.
وتیشی، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا كاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە هەیە، سەبارەت بە ڕودانی پێكدادانی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و كاریگەریی لەسەر ناتۆ، ئەردۆگان پێی وابو كە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر دیپلۆماسی بۆ ڕێگریكردن لەو ئەگەرە.
دەربارەی هاوپەیمانییە نوێیەكانی وڵاتەكەی سەرۆك كۆماری توركیا وتی، ڕێككەوتنی مەككە لە نێوان توركیا، سعودیە و پاكستان بەرەیەكی سەربازی نییە دژی هیچ وڵاتێكی وەك ئێران و ئیسرائیل، بەڵكو ئامانجمان بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەییە نەك دروستكردنی ململانێی نوێ.