برسێتی و قەڵەوی هەڕەشە لە جیهان دەكەن

17/10/2018 هەمەڕەنگ

نەوا - بینایی شۆڕش 
نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژە بەوەدەدات، زیاتر لە 821 ملیۆن كەس لەسەرانسەری جیهاندا بە دەست برسێتیەوە دەناڵێنن، ئەوەش لەكاتێكدایە رێژەی قەڵەوی لە بەرزبونەوەدایە.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لەراپۆرتێكیدا رایگەیاندوە، زیاتر لە 821 ملیۆن كەس بە دەست برسێتیەوە دەناڵێنن و لە نێوان هەر 9 مرۆڤێكیشدا یەكێكیان خاوەنی بڕە خۆراكی پێویست نییە، هەروەها لە 45%ی رێژەی گیانلەدەستدانی منداڵانی ساوا هۆكارەكەی بەدخۆراكییە، سەرەڕای ئەوەش 155 ملیۆن منداڵ گیرۆدەی بەدخۆراكی درێژخایەنن و شەڕو ناكۆكیش گەورەترین بەربەستە بۆ بەرەنگاربونەوەی.
نەتەوە یەكگرتووەكان رونیشیكردۆتەوە، سەرەڕای بەرزبونەوەی رێژەی بەدخۆراكی، رێژەی قەڵەویش لە زیادبوندایەو نزیكەی 1.8 ملیار كەس بە دەست كێشی زیادەوە دەناڵێنن. لەو ژمارەیەش 672 ملیۆن كەس بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و ئەوەش هۆكارە بۆ گیانلەدەستدانی زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار كەس ساڵانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group