نەوا-
نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، رۆژی 28ی ئەم مانگە یەكەمین رۆژی دەستپێكردنی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیەو كاتەكەی بەهیچ جۆرێك دواناخرێت، هەمو كارئاسانییەكیشیان كردوە بۆ میوانان و گەشتیاران، هەروەها مادەی پلاستیكیش لە فێستیڤاڵەكەدا بەكارناهێنرێت.
پارێزگاری هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: فێستیڤاڵەكە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، هەمو چاودێرییەك دەكرێت پاسی گواستنەوەی گەشتیارانیش لە سەنتەری شارەوە دابینكراوە بۆ ئەو میوان و گەشتیارانەی بیانەوێت ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان نەهێننە ناو فێستیڤاڵەكەوە بۆئەوەی توشی گرفتی هاتوچۆ نەبن و بەئاسانی بڕۆن و بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەشكرد، بۆ پشوەكانی رۆژی چوارشەمەو پێنجشەممە لەسنوری پارێزگاكەیان داوایان لە وەزارەتی پەروەردەو ناوخۆی هەرێم كردوە ئەو دوو رۆژە پشو رابگەیەنن.