نەوا-
كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێكدا دەڵێت، شارەوانی زیاتر لە 600 كارمەندی بەسەر ناوچە زیانلێكەوتووەكاندا دابەش كردووە بۆ پاككردنەوەی پاشماوەكانی لافاو و ئاوەڕۆكان.
باسی لەوەشكرد، بەداخەوە لافاوەكە زیانی گیانی هەبووە، هاوكات زیانێكی زۆری مادییش بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵكی گشتی كەوتووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەردەوامیی كارەكان، ئاماری ورد و كۆتایی زیانەكان بەردەست نییە.
سەرۆكی شارەوانی سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەكان رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە و لە هەندێك شوێن، تا ئێستاش ئۆتۆمبێل لەژێر ئاودا ماونەتەوە.
جەختیشی كردەوە، تیمەكانیان لە هەوڵی بەردەوامدان تا تەواوی ئەو شوێنانە پاك بكەنەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ نەهێڵن.