سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ: بۆ ئۆپۆزسیۆن بون دروست نەبوین

پێش 1 هەفتە
نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە، كە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات جوڵانەوەكەیان دروستبوە. پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕانیش رونیدەكاتەوە، كە ناكرێت 9 ساڵ بە یەك شێواز كاربكەن بۆیە ئەمساڵ بڕیارێكی جیاوازیان داوە.
كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە بەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوادا وتی "لەم قۆناغەدا بەباشمان زانیوە لە بەرانبەر گەندەڵی و ناشەفافی حكومەت، ئۆپۆزسیۆن بین.
هەروەها مەبەستە سەرەكییەكەی نەوەی نوێی خستەڕو و وتی "جوڵانەوەكەمان لەسەرەتای دروستبونییەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن بون دروست نەبوە، بەڵكو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دروستبوە".
هەر لەبەرنامەكەدا، رێباز فەتاح پەرلەمانتاری پێشوتری بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریی بزووتنەوەكەی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بە "شێوازی نوێی بەدیهێنانی ئامانج" وەسفكرد و وتی "ئەوەی ئێستا گۆڕان دەیكات، میكانیزمی نوێیە بۆ بەدیهێنانی ئامانج، ناكرێت 9 ساڵ بە یەك شێواز كاربكرێت".
وتیشی "رەنگە بە یەك شێواز كاركردن دەنگدەرانیش نائومێدبن لەوەی تۆ چیت بۆ بەدیهێناون لەو ماوەیەدا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group