نوێترین هەنگاوی ترامپ بەرانبەر ئێران ئاشكرا دەكرێت

19/05/2019 جیهان

نەوا
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئاشكرایكرد، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە گرژیەكان لەگەڵ ئێراندا لە بۆچوونی راوێژكارەكانی دەترسێت و نایەوێت بچێتە شەڕێكی نوێوە بۆیە پەنای بۆ هاوپەیمانێكی كۆن بردوە كە ئەویش جاك كین جەنراڵی خانەنشینە و هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا متمانەیان پێی هەبوە و ناوێكی تایبەتی هەیە.
تایمز لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەماوەی دواییدا ترامپ بانگهێشتی جەنراڵ كینی كردوە و پرسیاری ئەوەی لێكردوە چۆن گرژیەكان لەگەڵ ئێراندا هێوربكاتەوە، چونكە نایەوێت بچێتە شەڕێكی نوێوە، بەڵام تائێستا وردەكاری گفتوگۆكە دیار نییە، هەروەها سەرۆكی ئەمریكا ترسی لە رێوشوێنە توندەكانی جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئەمنی نەتەوەیی ئەمریكا هەیە، چونكە پێیوایە زیان بە بەرنامەی گوشارخستنەسەر ئێران دەگەیەنێت.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، ترامپ نیگەرانە لە بوونی شانەی "هەڵۆ" لەئیدارەكەیدا، بەشێوەیەكی سەرەكیش جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و دەترسێت ئەمریكا رابكێشنە شەڕێكی ترەوە، هەروەها ترامپ دەیەوێت كۆنترۆڵی كۆشكی سپی بكاتەوە كە وا تەماشای دەكات لەئێستادا لەدەست بۆڵتۆن و پۆمپیۆدایە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە، لەئێستادا هەوڵەكانی لەكارلابردنی بۆڵتۆن لەلایەن سعودیەو ئیسرائیلەوە بەهێزتركراوە كە دوو هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكان، چونكە ئەو دوو وڵاتەش كە لەبنەڕەتدا پشتگیری بەرنامەی توندی ئەمریكا دەكەن دژی ئێران، مەترسی خۆیان پیشانداوە لەئەگەری ئەوەی سیناریۆی ناوچەكە بگاتە شەڕ.
جەنراڵا كین یەكێكە لە كەسایەتیە كاریگەرەكان لە واشنتۆن و لەساڵی 2016دا ترامپ پێشنیاری پۆستی وەزیری بەرگری بۆ كرد، بەڵام رەتیكردەوە، هەروەها كین و جەنراڵ دەیڤید پترایۆس ئەو دوو كەسایەتیە بوون كە ساڵی 2007 ئیدارەی جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكایان رازیكرد، 30 هەزار سەرباز لە عیراقدا جێگیر بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group