خێزانەكەی ئایلان كوردی ناڕەزایی لەبارەی فیلمێكەوە دەردەبڕن

30/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
خێزانی ئایلان كوردی ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بەو فیلمە دەردەبڕن، كە تایبەت بە كارەساتی خنكانی منداڵەكەیان دەركراوە. پوریشی دەڵێت "ئەو بیرۆكەیە رەتدەكەینەوە و راوێژ بەخێزانی منداڵەكە نەكراوە لەوبارەیەوە".
سەبارەت بەو فیلمە، تیما كوردی پوری ئایلانی جوانەمەرگی رێگای كۆچ، بە كەناڵی CBC وتوە "دڵم شكاوەو ئەو بیرۆكەیە رەتدەكەینەوە و راوێژ بەخێزانەكەی ئایلان نەكراوە سەبارەت بەو فیلمەی بەرهەمهێنراوە لەسەری".
وتیشی "باوكی ئایلان لە عیراق دەژی و ئەو دەربارەی فیلمەكە پێی وتوە و پەیوەندی پێوەكردم و دەگریا، چونكە پێی وانەبو كوڕەكەی لە رێگەی فیلمێكەوە جارێكی دیكە دێتەوە بۆ نێو ژیان".
بەپێی زانیاریەكان لەئێستادا فیلمی Aylan Baby: Sea of Death لە توركیا وێنەی دەگیرێت و ئەكتەری ناوداری ئەمریكی ستیڤن سیگال رۆڵ لەفیلمەكەدا دەبینێت، عومەر ساریكایا دەرهێنەری تورك كاری دەرهێنانی بۆ دەكات، كە فیلمەكە باس لە تەنگژەی پەنابەران دەكات بەشێوەیەكی گشتی و دەرهێنەرەكە دەڵێت "ناتوانین ناوی فیلمەكە بگۆڕین".
ئایلان كوردی ئەو منداڵە كوردەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوو، كە ساڵی 2015 لەگەڵ خێزانەكەیدا بەئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا لە كەنارەكانی توركیا لەگەڵ چەند ئەندامێكی خێزانەكەی خنكا و وێنەكەی بووە هێمایەكی جیهانی بۆ كارەساتی كۆچ بەرەو ئەوروپا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group