وان.. بەهۆی وەرگەڕانی مینی پاسێك 67 كۆچەر بوونە قوربانی

18/07/2019 جیهان

نەوا
لە ئەنجامی وەرگەڕانی مینی پاسێك لە پارێزگای وان كە ژمارەیەك كۆچەری نایاسایی هەڵگرتبوو، 16 كەس گیانیان لەدەستدا و 51ی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسی ئانادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، لەسەر رێگای وان-ئۆزاڵپ لە نزیك گوندی ئەرچەك شۆفێری مینی پاسێك كۆنترۆڵی لەدەستدا و لە ئەنجامدا مینی پاسەكە كەوتووەتە نێو كەندەڵانێكەوە.
لە رووداوەكەدا، 16 كەس گیانیان لەدەستداوە و 51ی دیكەش برینداربوون.
مەهمەت ئەمین بیلمەز پارێزگاری وان، لەكاتی بەسەركردنەوەی بریندارەكان لە نەخۆشخانەی فێركاریی وان زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیانەوە لە دكتۆر مەحمود سوننەتچیئۆغڵو بەڕێوەبەری تەندروستیی وان، وەرگرت و وتی: "بەداخەوە ژمارەی ئەو كەسانەی لەو رووداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 16 كەس و 51 كەسیش بریندارن. هەندێكیان برینەكانیان سەختە. لەنێویاندا ژن و منداڵیش هەیە. هیوادارم كەسی دیكە گیان لەدەست نەدات. شۆفێری مینی پاسەكەش لە شوێنی رووداوەكە گیانی لەدەستداوە. شۆفێرەكە پێشتریش لەسەر گواستنەوەی كۆچبەری نایاسایی رووبەڕووی یاسا كراوەتەوە. مینی پاسەكە لە حاڵەتی ئاساییدا، 17 بۆ 18 كەس دەگرێت، بەڵام 67 كەسیان تێكردووە".
پارێزگاری وان ئاماژەی بەوەشدا كە شۆفێرەكە كوشنەكانی مینی پاسەكەی دەركردووە تا بتوانێت ژمارەیەكی زیاتر سوار بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group