دەنگۆی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا رەتدەكرێتەوە

22/07/2019
رێبوار عەبدولرەحیم سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگۆیەك لەبارەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا رەتدەكاتەوەو بێئاگایی خۆی لەبارەی ئەو لێدوانە ئاشكرا دەكات و ئەوەش دەڵێت: "ئەو لیژنەیەی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم بەغدا پێكهێنراوە دیارنییە كەی سەردانەكان دەستپێدەكەن".
رێبوار عەبدولرەحیم سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "لە هەندێك ماڵپەڕو دەزگای راگەیاندنی عەرەبی باس لەوەكراوە كە من وتوومە بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمزوانە سەردانێكی دیكە بۆ بەغدا ئەنجامدەدات، لەكاتێكدا من بەهیچ جۆرێك باسی ئەو بابەتەم نەكردووەو لێدوانی لەوجۆرەم نەداوە، سەبارەت بەوەی كەی شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە من ئاگادار نیم و هیچ زانیارییەكیش لەوبارەیەوە نییە تائێستا".
سەبارەت بەوەی دەوترێت دوو شاند لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكهێنراوە بۆ تاوتوێكردنی كێشەكان و چارەسەركردنیان، رێبوار عەبدولرەحیم سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی  لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "دوای ئەوەی كاك مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای كرد، سەردانەكەش ئەنجامی باشی هەبوو بڕیار لەسەر ئەوەدرا كە لیژنەی فەنی پێكبهێنرێت، لەنزیكەوە ئاگادارم كە لەسەردانەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردووەتەوە كە سازش لەسەر مافە دەستوریەكانی هەرێم ناكرێت و داوای جێبەجێكردنی كردووە".
باسی لەوەشكرد، "ئەوەی من ئاگاداربم لیژنەی فەنی لە نوێنەرانی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكهاتووە لەسەر دیاریكردنی كێشەكان و خستنەڕووی پیشنیار بۆ چارەسەركردنیان، بەڵام كەی كۆبوونەوەكە دەكەن و سەردانی یەكتر دەكەن، تائێستا دیاری نەكراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group