نه‌وا
عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 80 هه‌زار كرێكاریان له ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی تۆماركردووه و ساڵی رابردووش بڕی 10 ملیار دیناریان بۆ پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت خه‌رجكردووه.
عارف حیتۆ له‌باره‌ی گرنگی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ڵێت "گرنگی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌دایه هه‌موو مافه‌كانی كرێكار یان كارمه‌ندی كه‌رتی تایبه‌ت پارێزراو ده‌بێت وه‌ك كه‌رتی گشتی، به‌پێی یاسای ژماره 39ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو به یاسای ژماره 4ی ساڵی 2012، هه‌ر كرێكارێك له كه‌رتی تایبه‌تدا كار بكات، پێویسته به‌شدارییه‌كانی به ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی سوودمه‌ند بێت له خانه‌نشینی ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی بگاته 60 ساڵ بۆ پیاوان و ته‌مه‌نی 55 ساڵیش بۆ ئافره‌تان یان ئه‌گه‌ر كه‌سێك ماوه‌ی 25 ساڵ خزمه‌تی ده‌سته‌به‌ریی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كرێكارێك له میانی كاركردندا تووشی پێكانی كار ببێت یان هه‌ر كاره‌ساتێك به‌سه‌ر كرێكاردا بێت، ئه‌وا ئه‌و كات هه‌موو مافه‌كانی پارێزراو ده‌بێت له لایه‌ن سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم وتیشی: "زۆربه‌ی كارمه‌ندانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێیان باشتره له كه‌رتی گشتی دابمه‌زرێن، پێیان وایه هه‌ر كه‌رتی گشتی ماف و ئیمتیازات و خانه‌نشینی هه‌یه، خۆ له كه‌رتی گشتیشدا به‌شدارییه‌كان ده‌درێن، به‌ڵام كارمه‌ند هه‌ستی پێ ناكات و كۆمه‌ڵێك خانه هه‌یه له لیستی مووچه و ئه‌و مووچه‌یه‌ی وه‌رده‌گرن كه له كۆتا خانه‌ی لیسته‌كه‌دایه له خانه‌كانی دیكه‌دا شایسته‌كانی تیادایه و لێی ده‌بڕدرێت".
عارف حیتۆ له‌باره‌ی بڕی به‌شدارییه‌كانی ساڵانه‌ی كرێكار كه پێویسته به ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بدات ده‌ڵێت "له مووچه‌ی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا، مانگانه له‌سه‌دا 12 خاوه‌نكار ده‌یدات و له‌سه‌دا 5 كرێكاره‌كه ده‌یدات، ئه‌و بڕه‌ی كه كرێكاره‌كه ده‌یدات هه‌مووی بۆ خانه‌نشینی ده‌ڕوات، له‌و بڕه‌ی خاوه‌نكاریش ده‌یدات ئه‌وا له سه‌دا 9ی بۆ خانه‌نشینی ده‌ڕوات و یه‌ك له‌سه‌د بۆ بیمه‌ی ته‌ندروستی ده‌ڕوات و دوو له‌سه‌د بۆ پێكانی كار و كێشه‌كانی دیكه ده‌ڕوات".
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیا و كرێكارانه‌ی له ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار كراون وتی "تا سه‌ره‌تای ساڵی 2019 له هه‌رێمی كوردستان، 33 هه‌زار كۆمپانیا و پڕۆژه‌ی ده‌سته‌به‌ركراومان هه‌یه كه ژماره‌ی كۆی ئه‌و كرێكارانه‌ی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵاتییان هه‌یه بریتین له نزیكه‌ی 80 هه‌زار كرێكار، له‌و ژماره‌یه‌ش نۆ هه‌زاریان كرێكاری بیانین كه ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی كرێكارانی خۆماڵی مافی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه، زۆرینه‌ی كرێكاره بیانییه‌كان له وڵاتانی به‌نگلادیش، پاكستان، هیندستان، نیپاڵ و غانا هاتوون".
ئه‌گه‌رچی به هۆی دانان و راكێشانی پاره له سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، داهاتی ئه‌م سندوقه به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدایه، عارف حیتۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له به‌شدارییه‌كان، سزای دواكه‌وتن، كرێی موڵكه‌كان پێكدێت و داهاته‌كان ده‌چنه سندوقه‌كه‌وه و به‌م هۆیه‌وه‌شه‌وه به‌رده‌وام ره‌سیدی ئه‌م سندوقه له گۆڕانكاری دایه و وتی: "سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پێكدێت له به‌شدارییه‌كان، سزای دواكه‌وتن، كرێی موڵكه‌كان و بوودجه‌ی هه‌ر سێ فه‌رمانگه‌ی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌چێته ناو سندوقه‌كه‌وه بۆیه به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدایه، به‌ڵام ساڵانه 60 تا 70 ملیار دینار هه‌یه و دواتر خه‌رجییه‌كانی لێی ده‌رده‌هێندرێت. له سه‌ره‌تای ساڵی 2019ه‌وه نزیكه‌ی 400 ملیار دینار له سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه و دوای خه‌رجییه‌كان، خانه‌نشین و پاداشتی كۆتایی خزمه‌تی ساڵی راده‌كێشرێت و له ساڵی 2018 نزیكه‌ی 10 ملیار دینارمان خه‌رجكردووه بۆ پاداشتی كۆتایی خزمه‌ت و ئه‌گه‌ر كرێكاره‌كه داوا نه‌كات ئه‌وا كه‌ی خزمه‌ته‌كه‌ی گه‌یشته 20 ساڵی خزمه‌ت ده‌توانێت خانه‌نشین بێت یان ئه‌گه‌ر تووشی پێكانێك هات و نه‌یتوانی كار بكات ئه‌وا له‌م سندوقه سوودمه‌ند ده‌بێت و مووچه‌ی خانه‌نشینی بۆ دابین ده‌كرێت".
له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه مووچه‌ی خانه‌نشینییان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، عارف حیتۆ وتی: "تا ئێستا نزیكه‌ی 715 خانه‌نشینمان هه‌یه و، ساڵانه‌ش نزیكه‌ی 10 ملیار دینار بۆ پاداشتی خزمه‌ت ده‌ڕوات، ساڵانه نزیكه‌ی 8 هه‌زار كرێكاری خۆماڵی و بیانی دێن داوای پاداشتی كۆتایی ده‌كه‌ن كه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی كرێكاران كه گرێبه‌ستیان ته‌واو ده‌بێت ئه‌وكات دێن داوای پاداشت ده‌كه‌ن و پاداشته‌كه یه‌كجاره و ئه‌گه‌ر وه‌ریبگرێت ئه‌وا مافی خانه‌نشینی نامێنێت و له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی دوای وه‌رگرتنی پاداشت بچێته شوێنێكی دیكه و پاداشتیشی وه‌رگرتبێت ئه‌وا خزمه‌تی بۆ هه‌ژمار ناكرێت و له ده‌ستپێكی كاره‌كه‌ی له كۆمپانیای دووه‌مه‌وه خزمه‌تی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت".
وتیشی: "ئه‌گه‌ر كرێكارێك له ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار نه‌كرابێت ئه‌وا پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانه و نایاساییه و پێویسته په‌یوه‌ندی به هێڵی گه‌رمه‌وه بكات كه ژماره‌كه‌ی بریتییه له 5500 و لیژنه‌كه‌مان سه‌ردانی شوێنه‌كه ده‌كات له هه‌مانكاتدا كرێكار له كاتی پێشێلكردنی مافه‌كانیدا ده‌توانێت په‌یوه‌ندیمان پێوه بكات به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له رۆژێكدا زیاتر له هه‌شت كاتژمێر كار ده‌كه‌ن و له ئه‌گه‌ری كاری زیاده پێویسته رێژه‌ی مووچه‌ی زیاده‌ی پێ بدرێت و به‌پێی یاسای كار ده‌توانێت له رێگای دادگاوه مافی خۆی وه‌رگرێت".
عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیا و پڕۆژانه‌ی به هۆی پێشێلكردنی مافی كرێكاره‌وه سزادراون وتی: "له ساڵی 2018دا، 69 پڕۆژه دراونه‌ته دادگا و له ساڵی 2019دا، 180 پڕۆژه دراونه‌ته دادگا و زۆرجاریش خاوه‌نكار ئاگاداری یاساكانی كار نییه و هه‌ندێك جاریش كرێكار بۆخۆی پێشێلی مافه‌كانی خۆی ده‌كات بۆ نموونه خاوه‌نكار جلوبه‌رگی سه‌لامه‌تی و پێداویستی كاری پێ ده‌دات و كرێكار بۆخۆی به‌كاری ناهێنێت یان هه‌ندێكیان به‌ڕاستی ئاگاداری یاسا و رێنماییه‌كان نین".
عارف حیتۆ ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له پێشووتردا پڕۆژه یاسایه‌كیان ناردووه‌ته په‌رله‌مان و هیواداره له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، له‌وباره‌یه‌وه وتی: "ئێمه به‌گوێره‌ی سێ یاسا كار ده‌كه‌ین كه بریتییه له یاسای كاری ژماره 71ی ساڵی 1987، هه‌رچه‌نده له په‌رله‌مانی عێراق یاسای ژماره 37ی ساڵی 2015 ده‌رچووه، به‌ڵام ئێمه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه یاسایه‌كمان هه‌یه له په‌رله‌مانی كوردستان كه تا ئێستا په‌سه‌ند نه‌كراوه و هیوادارین له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه بۆ ئه‌م پڕۆژه یاسایه بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت چونكه ئێمه له سیسته‌مێكی داخراو بۆ سیسته‌مێكی كراوه هه‌نگاومان ناوه، یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیش كۆمه‌ڵێك تێبینمان له‌سه‌ری هه‌بووه و پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه و له‌م كابینه‌یه‌شدا له پلانماندایه ئه‌م یاسایه ره‌شنووسێكی بۆ ئاماده‌بكه‌ین و بینێرینه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و له‌وێشه‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت".