نوسینە فەلسەفیەكانی خانمێكی كورد دۆكۆمێنت كران

27/08/2019 نەوا

نەوا


نوسین و بیركردنەوەی فەلسەفەی فەرمی/فۆرماڵ و ئەكادیمی خانمە نوسەری كورد د.ساماڵ مانیی كە لە دوو توێی كتێبەكانی هەگبەی زانینی یەكەم و دووەم بڵاوكراونەتەوە، بۆ یەكەم جارلە بازنەی جیهانی فەلسەفەدا دۆكۆمێنت كران.
هەردوو كتێبی هەگبەی زانین كە پارساڵ لە هەرێمی كوردستان و ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكرانەوە، بە دیجیتال خراونەتە بەرچاوی بازنەی فەلسەفەی جیهانی تاوەكو لە ناو زانكۆكانی جیهاندا  لە كەنەدا و ئەمەریكا و ئۆستورالیا و ئەورۆپا و بەریتانیادا ببینرێت و پێبزانرێت.
 بە دۆكیۆمێنت و بە دیجیتاڵ كردنی كتێب و نوسینە فەلسەفیە فۆرماڵە ئەكادیمیەكان واتە تۆماركردنیانە لە  ناو مێژووی بیركردنەوە فەلسەفیەكاندا و لەناو فەیلەسوفەكاندا، ئەم هەوڵە ماوەی بیست ساڵە لە لایەن دەزگا و سەنتەرە فەلسەفیە جیهانیەكانەوە ئیشی بۆدەكەن ولە ئێستادا بە تەواوی جێگەی خۆی سەقامگیر كردوە لەناو بازنەی فەلسەفیدا.   د. ساماڵ مانیی نوسین و بیركردنەوە فەلسەفیەكانی بە زمانی ئینگلیزیش هەر بە هەمان شێوە دۆكیومەنت و بە دیجیتاڵ كراون. 
 ئەو سەنتەرانەی بۆ ئەم كارە دروست بوون وئەوانەشی كە دەزگای پاڵپشتن، بریتین لە: سەنتەری بە دیجیتاڵ كردنی  بیركردنەوە فەلسەفیەكان (جیهانی)، سەنتەری دۆكیومەنتكردنی بیركردنەوە فەلسەفیەكان (جیهانی)،  سەنتەری ئاركایڤ كردنی بیركردنەوە فەلسەفیەكان (جیهانی)،   كۆكردنەوەی نوسینە فەلسەفیەكان ( لە ئۆستورالیا و دواتر بوو بە جیهانی) ،  فاوندەیشنی بیركردنەوە فەلسەفیەكان (ئەمەریكا)،  ئینستیوتی خوێندنی باڵای فەلسەفە (بەریتانیا)، زانكۆی ڕۆژئاوای كەنەدا(وڵاتی كەنەدا).

 هەموو ئەم دەزگایانە پێكەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی بیركردنەوە ئەكادیمیە فەلسەفیەكان بە دیجتاڵ و دۆكیومەنت بكەن، لە لایەكەوە بۆ ئەوەی فەیلەسوفە ئینگلیزی زمانەكان بە ئاگابن لە  بیركردنەوە فەلسەفیەكانی یەكتری لەمسەر و ئەوسەری جیهاندا و كارە فەلسەفیەكانی یەكتری ببینن و دیبەیت و ڕاگۆڕینەوە بكەن لەناو خۆیاندا، لەلاكەیترەوە بۆ ئەوەی خوێندكارانی فەلسەفە لە زانكۆكانی ئینگلیزی زمان سوود لەو نوسین و بیركردنەوە فەلسەفیانە وەربگرن بۆ خوێندن و لە لێكۆڵینەوەكانیاندا بەهەند بگیرێن و كاریان لەسەر بكەن.
ئەم دەزگایانە پێكەوە  تا ئێستا  (دوو سەد و سی هەزار)  فەیلەسوفیان كۆكردۆتەوە لە  رێی بیركردنەوە فەلسەفیەكانیانەوە،  هەروەها (دووملیۆن و سێ سەد و هەشتا و هەشت هەزار) بیركردنەوەی فەلسەفەی ئەكادیمییان بە زمانی ئینگلیزی ئاركایڤ و  ئیندێكس كردوە، لە ناو نزیكەی (شەش سەد) كاتیگۆری جیا جیای ناو بواری فەلسەفەدا. هەموو ئەمانە،  وەكو دۆكۆمێنت بە دیجیتاڵیان كراون و دەپارێزرێن و دەخرێنە بەردەستی فەیلەسوفەكان و خوێندكارانی فەلسەفە لە زانكۆكان دا و دەبنە مێژووی بیركردنەوە فەلسەفیەكانەوە. 
د. ساماڵ مانیی  لە دایكێكی سیاسیكاری شەستەكانی ناو شاری سلەیمانی و باوكێكی نیشتیمانپەروەر لە باشوری كوردستان لەدایك بووە و گەورە بووە، هەرلەوێ خۆی بووە بە سیاسیكار و وەكو ژنێكی تەنیا لە شاخ پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕین بووە،  لە كۆتاییەكانی هەشتاكاندا بووە بە پەنابەر لە بەریتانیا و لەهەمان كاتدا چەند ساڵێك كارمەندی هاوكاریكردنی پەنابەران بوە لەوێ، دواتر وەرگێڕ بووە و لەهەمان كاتدا مێژووی نوێی هونەر و نوسینی  تێكستی شانۆیی و ڕۆژنامەگەریی  و بەڕێوەبردنی خوێندوە . لە 1993وە  بووە  بە خوێندكاری فەلسەفە لە زانكۆی لەندەن  و بەتەواوی ژیان وكاتی خۆی تەرخان كردوە بۆ فەلسەفە و هەر لەوێ بەكالۆریۆس و ماستەری بەدەست هێناوە، دواتر بۆ فراوانكردنی زەمینەی تێگەیشتن و بیركردنەوە فەلسەفیەكانی ڕوویكردۆتە ئەورۆپا و لەوێ دكتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەست هێناوە.
 د. مانیی  نوسەر و مامۆستا و لێكۆڵەری فەلسەفەیە، ئەندامی هەمیشەیی كۆمەڵەی فەیلەسوفەكانی بەریتانیا یە، ئەندامی كۆمەڵەی ژنە فەیلەسوفەكانی بەریتانیا یە، ئەندامی ئینستیتوتی خوێندنی باڵای فەلسەفەیە لە بەریتانیا، ئەندامی كۆمەڵگەی دیجیتاڵی فەیلەسوفەكانە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group