سلێمانی.. گەنجێك تەقسیمێكی كارەبایی زیرەك دروست دەكات

06/09/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانی تەقسیمێكی كارەبایی زیرەكی دروست كردوە، كە دەتوانرێت لە دوورەوە كۆنترۆڵ بكرێت.
ئالان محێدین قوتابی بەشی فیزیای زانكۆی هەڵەبجەیە، ئەو وەك خۆی دەڵێت لە منداڵییەوە خولیای بواری كارەبایی و كۆمپیوتەر بووە، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك كار و پڕۆژەی هەبووە لە سۆفتوێر و هاردوێر. دوایین كاری ئالان دروستكردنی تەقسیمێكی كارەبایی زیرەكە كە كۆمەڵێك تایبەتمەندی لەخۆگرتووە.
ئالان محێدین لە بارەی كارەكەی دەڵێت: "جیاوازی ئەم تەقسیمە لەگەڵ تەقسیمێكی ئاسایی ئەوەیە كە ئاساییەكە كارەبای 220 ڤۆڵتی پیادا تێپەڕ دەبێت و ھەر سێ پلاكەكەی لە یەك كاتدا كاری دەكرد، بەڵام ئەم تەقسیمە واملێكردووە عەقڵەكەی بە پێنج ڤۆڵتی DC ئیش دەكات و لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە بە كۆنترۆڵ لە رێگەی مۆبایلەوە كار دەكات، هەروەها هەر پلاكێكی بە جیا كار دەكات و كراوە بە پلاكی A , B , C و لەگەڵ داگیرساندن و كوژاندنەوەی بە دەنگ ئاگادارت دەكاتەوە".
وتیشی: "تەقسیمەكە كۆمەڵێك تایبەتمەندی تری هەیە، لەوانەش لەكاتی شەحنكردنەوەی لاپتۆپدا ئەگەر رێژەی شەحنەكەی گەیشتە سەرووی لەسەدا 90 ئەوا بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی پلاكەكە دەكوژێتەوە، هەروەها كە دابەزی بۆ لەسەدا 10 بۆ خۆی پلاكەكە هەڵدەكاتەوە تا شەحن بكاتەوە، جگە لەوەش وا بەرنامەی كراوە كە ئەگەر ماتۆڕی ئاوی تانكی سەربانی لێدرا بە هاتنەوەی ئاو كار دەكات و دواتر بە پڕبوونی تانكییەكە پلاكی ماتۆرەكە بۆ خۆی دەكوژێتەوە".
ئەو چەند پڕۆژەیەكی تری لە بواری سۆفتوێر هەیە و باس لەوە دەكات ئەگەر لایەنە بەرپرسەكان هاوكاری بكەن ئەو پڕۆژانەی سوودی گەورەیان دەبێت بەتایبەت بۆ وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group