13یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر 300 كۆمپانیای 22 وڵات لەخۆدەگرێت

11/09/2019

نەوا
13یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداری 300 كۆمپانیا لە 22 وڵاتی جیاوازەوە لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەكرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.
جۆرج خوری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای IFP-عیراق بۆ رێكخستنی پێشانگای نێودەوڵەتی لەلێدوانێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە هەنگاونانە بەرەو بون بە ناوچەیەكی ئابووری، بۆ ئەمساڵیش دوو پێشانگای گرنگ دەكرێنەوە، یەكەمیان پڕۆجێكت عیراق/هەولێر پێشانگای بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ كەرتەكانی بیناسازی و ئاوەدانكردنەوە و كارەبا. دووەمیشیان پێشانگای خۆراكی كشتوكاڵی عیراقی-هەولێرە".
راشیگەیاند، پێشبینی دەكرێت پێشانگای یەكەم سەرنجی ژمارەیەكی زۆری پسپۆڕان و پیاوانی خاوەنكار و خاوەن پڕۆژەكان و بازرگانەكان لەهەموو ناوچەكانی عیراقەوە رابكێشێت.
لەبارەی ژمارەی كۆمپانیا و وڵاتانی بەشداربوو لە پێشانگاكەی یەكەمیشدا، جورج خوری وتی "300 كۆمپانیا لە 22 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن كە بریتین لە؛ عیراق، توركیا، ئێران، فەرەنسا، چیك، كوێت، قەتەر، هیندستان، لوبنان، سریلانكا، ئۆكراینا، كەنەدا، چین، پۆڵۆنیا، ئیمارات، سوید، میسر، سعودیە، ئوردن، كینیا، ئەمریكا و هۆڵەندا".
وتیشی "ئەو پێشانگایە لە رۆژی دووشەممە 30-9-2019 دەكرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group