سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان: تا ئێستا لە هەرێم بەهای نزیكەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە

11/09/2019

نەوا
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "لە داهاتوویەكی نزیكدا نەخشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەین بۆ ئەوەی بە پڕۆژەی ئامادەوە وەبەرهێنەران بانگ بكەین بۆ كاركردن".
رۆژی چوارشەممە لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بە بەشداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سلێمانی و وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكانی شارەكە و دەورووبەری، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامدرا.
دوابەدوای كۆبوونەوەكە محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند كە لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگی زۆر بە وەبەرهێنان دەدرێت، هەروەها بەرنامەی كاریان ئەوەیە زیاتر جەخت لەسەر دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان دەكەنەوە لەگەڵ گرنگیدانی زیاتر بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتووگوزاردا.
باسی لەوەشكرد، "بەپێی ئەو ژمارەیەی لەبەردەست هەیە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان بە بەهای نزیكەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە و لە دوای نەمانی قەیرانی دارایی و ئەو شەڕەی سەپێنرا بەسەرماندا، جووڵەی وەبەرهێنان دەستی پێكردووەتەوە". 
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی وت "گەورەترین كێشەی وەبەرهێنان لە رابردوودا ئەوە بووە كە وەبەرهێنەر خۆی خاوەنی بیرۆكەی پڕۆژە بووە و لە داهاتوودا وەك حكوومەت و دەستەی وەبەرهێنان ئێمە دەبینە خاوەنی بیرۆكەی پڕۆژە، هەروەها بەنیازین لە داهاتوویەكی نزیكدا نەخشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین بۆ ئەوەی بە پڕۆژەی ئامادەوە وەبەرهێنەران بانگ بكەین بۆ كاركردن و هەموو ئەو لەمپەرانەی لە پێش وەبەرهێنان هەبووە نەیانهێڵین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group