لە فێستیڤاڵێكی دهۆكدا 60 جۆر ترێ نمایش دەكرێت

22/09/2019

نەوا
بە بەشداریی 33 جوتیاری سنوری پارێزگای دهۆك و ژمارەیەكی زۆر لە میوانان، 13یەمین فێستیڤاڵی ترێ بە نمایشكردنی زیاتر لە 60 جۆر ترێ بەڕێوەچوو. سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكەش دەڵێت "ئامانجمان لە فێستیڤاڵی ترێی دهۆك، كۆكردنەوەی جوتیارانی سنوری پارێزگاكەیە لەپێناو ئەوەی زانیارییەكانیان ئاڵوگۆڕبكەن و بەرهەمەكانیان نمایش بكەن".

لە فێستیڤاڵەكەدا، بەشێوازی جوان و سەرنجڕاكێش 60 جۆرەكەی ترێ لەلایەن جوتیارانەوە نمایش كرابون. لەوبارەیەشەوە سەعدوڵڵا ئەحمەد سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی ترێ لە پارێزگای دهۆك وتی "بە بەشداریی 33 جوتیاری سنوری پارێزگای دهۆك و بە نمایشكردنی 60 جۆر ترێ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومیی و حزبیی، فێستیڤاڵەكە بەڕێوەچو".
وتیشی "لە فێستیڤاڵەكەدا سەرجەم جۆرەكانی ترێی سنوری پارێزگای دهۆك نمایشكران، هەموو ئامانجێكمان كۆكردنەوەی جوتیاران و ناساندنی بەرهەمی ترێ بوو بە خەڵك، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت جوتیاران ئەزمون و زانیارییەكانیان لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆڕبكەن".

سەعدوڵڵا ئەحمەد ناوی بەناوبانگترین ترێكانی باسكرد و وتی "ترێ زەرك، رەش مێو، تائیفی، كمانی، رەشمیری، حیجازی، زەیتوونی، جنوبی، میرانی، ریدگلوب، كشمیش، موسا بەگ، سلێمانی رەش، سلێمانی زەرد، چاوگا، كركرانی، بلاك بێری، گەڤرە رەش، تەبرێزیی و دەیان جۆری دیكەش هەن، كە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، توركیا و ئێران هاوردەكراون و بە موتربەكردن چەندین جۆر ترێی نوێ بەرهەمهێنراوە".
راشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكارن لە بەڕێوەچونی فێستیڤاڵی ترێدا.
لەنێو جەنجاڵی و قەرەباڵغیدا، هاووڵاتیی دیار مەجید، كە بەمەبەستی بینینی جۆرەكانی ترێ سەردانی فێستیڤاڵەكەی كردوە، وتی "من كەسێكم هاوشێوەی زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك حەز بە خواردنی ترێ دەكەم، بۆیە لە فێستیڤاڵەكەدا ئامادەبوم و مەبەستم بوو بزانم چەند جۆر ترێی رەش هەیە و تامیان بكەم و شێوەكانیان ببینم".

هەرچەندە لە سنوری پارێزگای دهۆك ترێ تەنها بۆ خواردن و دروستكردنی شەربەت بەكاردێت، بەڵام بەپێی داتاكان لەسەرئاستی جیهان لەسەدا 80ی بەرهەمی ترێ بۆ دروستكردنی شەراب بەكاردەهێنرێت، لەسەدا 13ی بە تازەیی دەخورێت و ئەو لەسەدا 7ەشی، كە دەمێنێتەوە، چەندین جۆر شەربەتی لێ دروستدەكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group