هەڵمەتی داخستنی شوێنكارەكانی سیستمی غازی ئۆتۆمبێل دەستپێدەكات

24/09/2019

نەوا-رۆژیار سیروان
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی مەڵبەندی سلێمانی دەستیان بەهەڵمەتی  داخستنی ئەو شوێنانە كرد، كە كاری دانانی سیستمی غازی ئۆتۆمبێل دەكەن.
لەوبارەیەوە محەمەد جافر نوێنەری فەرمانگەی نەوت و كانزاكان لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەمڕۆ 24-9-2019 بەپێی فەرمانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دەستیانكردووە بەهەڵمەتی داخستنی وەرشە و ئەو شوێنكارانەی تۆڕی سیستمی غاز دادەنێن بۆ ئۆتۆمبێل، لە شاری سلێمانی 13 شوێنكاری تۆماركراو بونی هەیە و تەنها سێ شوێنكار مۆڵەتیان هەبوە، لەئێستادا مۆڵەتی سەرجەم شوێنەكان هەڵوەشاوەتەوە بۆئەوەی بەپێی رێنمایی نوێ مۆڵەت دەربهێنن، كە پێشتر ئەو بڕیارە لە هەولێریش جێبەجێكراوە.

پێشتر ئەو شوێنانەی كاردەكەن ئاگاداركراونەتەوە لەوەی دەستبكەن بەدەرهێنانی مۆڵەتی نوێ بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەو شێوازە ستانداردەی هەیە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی كارەكانیان و گیانی هاووڵاتیان پارێزراوتر بێت.
وتیشی "حاڵەتی نەخوازراو هەمیشە بونی هەبوە، پێشتر بەهۆی فیول پەمپەوە چەندین ئۆتۆمبێل گڕیانگرتوەو غازیش بەهەمان شێوە بەدەر نییە لەوە و چەند حاڵەتێك تۆماركراوە، بەهۆی زۆربون و فراوانتربونی سیستمەكە و هەرزانی نرخی غازیش، رێژەیەكی زیاتر لە ئۆتۆمبێل ئەو سیستمە دادەنێن، بۆیە پێویستە ئەو دوكاندارانە بە شێوەیەكی ئەندازیاری و هونەری و كۆنترۆڵكراو كاربكەن".
لای خۆیشیەوە رێكان جەمال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی "لەئێستادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ شوێنێك مۆڵەتی فەرمی نییە و جۆری ئەو غازە بریتییە لە LP ، كە یەكێكە لەو غازانەی زۆر بەخێرایی تەشەنە دەسێنێت و بە كەمترین كەمتەرخەمی لەو سیستمەدا گەورەترین كارەسات دروستدەكات".

سەبارەت بە مەرجەكانی وەزارەتی ناوخۆش باسی لەوەكرد، لەئێستادا رێكخراوی ISO هاتۆتە ناو بوارەكە، كە ستانداردێكی جیهانییەو پێویستە سەرجەم كەلوپەلە بەكارهاتوەكان بەپێی ئەو ستانداردە بێت و بەكوالێتی كۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆدا بڕوات و كەسی پسپۆڕ لەو شوێنانەدا كاربكەن و بڕوانامەی تایبەتیان هەبێت، هەروەها یەكێك لە مەرج و رێنماییەكان سەبارەت بە شوێنی كاركردنە و دەبێت شوێنەكە كراوە بێت و نزیك نەبێت لە ماڵانەوە.
لەلایەكی دیكەوە بیلال ساڵح خاوەنی شوێنكاری سیستمی غازی ئۆتۆمبێل بە رادیۆ نەوای راگەیاند، رازین بەسیستمكردنی ئەو ئیشە، چونكە لە بەرژەوەندی  خەڵكدایە. وتیشی "لەساڵی 2014 وە تائێستا ئۆتۆمبێلەكەی خۆم كردوە بە غاز و هیچ كێشەیەكی تێدا نەبوە، پێمانخۆشە بەیاسا بكرێت، چونكە دەبینین ئەم شارە پڕبوە لەوەستای ئێرانی و هەموو موادەكانی نرخی 90 دۆلارە، كەچی بە 200 دۆلار سیستمەكە دادەنێ و دەڕوات و كەس نازانێ بۆ كوێ رۆیشتوە، ئەگەر بێت و ببین بە كۆمپانیا ئەوە پێویست دەكات باجیش بدەین بە حكومەت".
باسی لەوەشكرد، چاوەڕێی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دەكەن لە گەشتی چین بگەڕێتەوە بۆئەوەی واژۆیەكیان بۆ بكات و مۆڵەتەكە دەربهێنن. دەشڵێت "لەو رۆژەوەی ئاگاداركردنەوەمان بۆ هاتوە، كارمان بۆ دیاریكردنی ناوی كۆمپانیا كردوە و تێناگەم بۆچی ئێستا  پێمان دادەخەن؟، چونكە ئێمە كرێ دوكان و شاگردانە دەدەین، ئەگەر ئیش نەكەین تا مۆڵەت دەدرێت چۆن پارەی دوكان بدەین".
ئەو خاوەن شوێنكارە دەشڵێت "سیستمی توركی زۆر سەلامەتترە بۆ ئۆتۆمبێل و تەنها یەكجار بە كۆمپیوتەر سیستم دەكرێت، بەڵام ئەگەر بێتو پاتری ئۆتۆمبێلەكە بگۆڕدرێت ئەوكات پێویستی بە سیستمكردنەوە دەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group