دووه‌مین لوتكه‌ی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان-توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

29/09/2019

نه‌وا
دووه‌مین لوتكه‌ی وه‌به‌رهێنان و بازرگانیی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كۆمپانیاكانی توركیا، عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداربون.
دووه‌مین لوتكه‌ی وه‌به‌رهێنان و بازرگانیی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ به‌شداری هاكان كاراچه‌ی كۆنسوڵی توركیا له‌ هه‌ولێر و دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بازرگانان و خاوه‌نكاران به‌ڕێوه‌چو، كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كۆمپانیاكانی توركیا، عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداربون و ئامانج له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و لوتكه‌یه‌ش، ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك دیدار و را گۆڕینه‌وه‌یه‌ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، كه‌ به‌هۆی دروستبونی قه‌یرانی دارایی و بوونی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوولا له‌ 12 ملیار دۆلار ساڵانه‌وه‌ دابه‌زی بۆ 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار و ئێستا هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌باره‌یه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبێته‌وه‌.
له‌ ده‌ستپێكی لوتكه‌كه‌دا، دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆكی یه‌كێتی ژوره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وتی "به‌ به‌رده‌وامی بازرگانه‌كان سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ توركیاوه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌نێواندا هه‌یه‌ و ساڵانی رابردوش گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندین ئاڵۆگۆڕی بازرگانی له‌ رێگای زه‌مینی و ئاسمانی ئه‌نجامدراوه‌ و هه‌رێمی كوردستان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو بازرگانان".

دارا جه‌لیل خه‌یات وتیشی "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێشانگای هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ تێیدا شاندی وڵاتان به‌شدارن و دانیشتنی بازرگانی دووقۆڵی ده‌كرێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ست له‌نێوان بازرگاناندا ئه‌نجام بدرێت".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ نه‌واف كڵچ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كارسازانی توركیا-عیراق له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتویه‌تی "ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان باش بێت و به‌ره‌وپێش بچێت، 60 كۆمپانیا له‌ لوتكه‌كه‌دا به‌شدارن و بێگومان دوای ئه‌م لوتكه‌یه‌ش كۆمه‌ڵێك دیدارمان ده‌بێت و ده‌مانه‌وێت كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هه‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌ قه‌باره‌ی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیاش، نه‌واف كڵچ ده‌ڵێت "ساڵی 2013 هه‌نارده‌كردنی ئێمه‌ 12 ملیار دۆلار بوو، به‌ڵام دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی عیراق، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌مان دابه‌زی بۆ 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام ئه‌م دوو ساڵه‌ قه‌باره‌كه‌ به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ 8 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار و هیوادارین هێشتا ئه‌و قه‌باره‌یه‌ به‌رزبێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند، پێویسته‌ قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ بۆ عیراق بگاته‌ 20 ملیار دۆلار و ئێمه‌ش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كارسازانی توركیا-عیراق وتوشیه‌تی "له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا، هه‌ر چوار شاری هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی توركیا ده‌كه‌ین و له‌وێ دیدار و گفتوگۆی بازرگانی ده‌بێت و ئه‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان".

له‌ كۆتاییشدا نه‌واف كڵچ دوپاتیكرده‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێكراوه‌ و خه‌ڵكێكی میواندۆستن، بۆیه‌ لێره‌وه‌ بانگهێشتی هه‌موو بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌توانن په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستاندا پته‌وتر بكه‌ن.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ رۆژی 30ی حوزه‌یرانی 2019 یه‌كه‌مین لوتكه‌ی بازرگانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌شداری 50 كۆمپانیا به‌ڕێوه‌چو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group