بەرهەم ساڵح: بەرپرسانی ئەمنی فەرمانی تەقەكردنیان لە خۆپیشاندەران دەرنەكردوە

07/10/2019 عێراق

نەوا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی ئاراستەی گەلی عێراق كردو نیگەرانی خۆی لەو روداوە نەخوازراوانە راگەیاند، كە لەچەند رۆژی رابردو ژمارەیەك پارێزگای عێراقی گرتەوە و وتی،"لەرۆژانی رابردودا چەندین روداوی ئازار بەخشمان بینی".
بەرهەم سەبارەت بە كوژران و برینداربونی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران رایگەیاند،" "بەرپرسانی هێزە ئەمنیەكانی عێراق فەرمانی تەقەكردنیان لە خۆپیشاندەران دەرنەكردوە، رشتنی خوێنی عێراقییەكان ئازار بەخشە، دەبێت پێكەوە هەموان برینی عێراق ساڕێژ بكەین".
هەر لە وتارەكەیدا، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند،"پێویست ناكات بگەینە ئەو قۆناغەی رژانی خوێنی عێراقییەكان لە شەقامەكان ببینین".
وتیشی،"ئەوانەی تەقەیانكردوە تاوانبار و دەرچون لە یاسا، لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمان دەكەین و دەبێت هەموان ملكەچی یاسابن".
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك كۆماری عێراق وتی،"پێویستە هێزە ئەمنیەكان بە تەواوی یەكە و پێكهاتەكانیانەوە بەرگریكاری هاوڵاتیانی عێراق و چارەنوس و دەستورەكەی بێت و  نابێت رێگە بدەن خوێنی عێراقییەكان برژێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group