ئێران: 7500 ئەندامی یەكەی تایبەتی پۆلیس ئاسایشی زیارەتكاران لە عێراق دەپارێزن

08/10/2019 جیهان
نەوا
حەسەن كەرەمی فەرماندەی یەكەی تایبەتی پۆلیسی ئێران ئاشكرای كرد، بۆ رێورەسمەكانی چلەی ئیمام حسێن حەوت هەزار و 500 ئەندامی هێزەكەیان ئاسایشی زیارەتكاران دەپارێزن.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی مێهر حەسەن كەرەمی رایگەیاند، حەوت هەزار و 500 ئەندامی یەكەی تایبەتی پۆلیس بەشێوەی راستەوخۆ و 4 هەزار ئەندامیشیان بە شێوەی یەدەگ دیاری كردووە بۆ پاراستنی رێورەسمەكانی چلەی ئیمام حسێن لە ئێران و عێراق.
وتیشی، جیالەو 11 هەزار كەسە، 30 هەزار پۆلیسیش ئامادەی شوێنی بەڕێوەچوونی رێورەسمەكانی چلەی ئیمام حسێن دەبن و یەكە هەواڵگریەكانیش بەناو زیارەتكاراندا بڵاودەكرێنەوە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە پشێویەك بكەن.
رەوانە كردنی هێزە تایبەتەكانی ئێران لەگەڵ زیارەتكاران لە كاتێكدایە چالاكوانانی عێراقی تاران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی بەغدا و چەند ناوچەیەكی تر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group