فرانس پرێس: سوپای سوریا لە سنورەكانی توركیا نزیكدەبێتەوە

14/10/2019 جیهان

نەوا
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، سوپای حكومەتی سوریا چونەتە ناو شارۆچكەی تەل تەمر لە ریفی حەسەكە و لە سنورەكانی توركیاش نزیكبونەتەوە.
ئاژانسی "فرانس پرێس"ی فەرەنسی بڵاویكردوەتەوە، سوپای سوریا نزیك سنورەكانی باكوری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە بوەتەوە و لە نزیك سنوری توركیا جێگیر دەبن.
لای خۆیشیەوە رۆژنامەی "وەتەن"ی سوری بڵاویكردوەتەوە، یەكەكانی سوپای وڵاتەكەیان چونەتە ناو شارەكانی منبج و كۆبانێ‌ لە ریفی حەلەب.
لەهەواڵێكی تردا ئاژانسی سپوتنیكی روسی بڵاویكردوەتەوە، هێزێكی سەربازی گەورە لە ئەفسەران و فەوجی 5ی پاسەوانی سنور و سوپا بەیانی ئەمڕۆ لەناوەڕاستی شاری حەسەكەوە بەرەو ناوچەكانی باكوری پارێزگاكە كەوتونەتەڕێ‌ و گەیشتونەتە ناوچەكانی تەل تەمر و كۆبانێ‌ لەسەر سنورەكان و لەو ناوچانەدا بڵاودەبنەوە بۆ رێگریكردن لە هێرشەكانی توركیا.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەكانی نزیك لە هێزەكانی هەسەدە ئاماژەیان بەوەداوە، سوپای سوریا و هێزە ئەمنیەكانی سەربە خۆبەڕێوەبەری بەیەكەوە لەناو منبج و هێڵی سنوریش بڵاودەبنەوە.
هەر لەو نێوەندەدا سوپای سوریا چوە بەشێكی زۆری شارۆچكە و گوندەكانی رەققەوە و ئاڵای سوریاش لەسەر چەند دامەزراوەیەكی حكومی لە حەسەكە و قامیشلۆ بەرزكراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا "سانا" بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چەند یەكەیەكی سەربازیی سوپای سوریا چونەتە ناو بەشێكی زۆری شارۆچكە و گوندەكانی رەققە، كە گرنگترینیان شارۆچكەی عەین عیسایە و كامپێكی زیندانیانی چەكدارانی داعش و كەسوكارەكانیانی لێیە.
ئاژانسەكە ئاشكراشیكردوە، ئاڵای سوریا لەسەر چەند دامەزراوەیەكی حكومی و قوتابخانە لە هەردوو شاری حەسەكە و قامیشلۆ بەرزكراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group