"ماچم كرد بۆئەوەی لە قسە بیپارێزم"

15/10/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
پۆل گاسكوین كەسایەتی دیاری وەرزشی و یاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەتۆمەتی كارێكی ئابڕوبەرانە دەستگیركراوە و لە دووەم رۆژی دادگاییكردنیدا لەبەردەم دادوەر بیانوی نامۆی بۆ كردەوەكەی هێناوەتەوە.
گاسكوینی تەمەن 52 ساڵ بەدەستدرێژی سێكسی لەنێو وێستگەیەكی شەمەندۆفێر لە درهامی ئینگلتەرا تۆمەتباركراوە و دەوترێت ساڵی رابردو لەسەر ئەو كردەوەیەی دەستگیركراوە و لە پارەوە تائێستا پۆلیس لێكۆڵینەوەی كردوە و ئێستا لە قۆناغی دادگاییكردندایە.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی سكای نیوز، پۆل گاسكوین كچێكی ماچكردوە و وتویەتی ئەو كارەی بۆ "پاراستن"ی كچەكە كردوە.
گاسكوین لەبەردەم دادگادا وتویەتی "كەسێك لە شەمەندۆفێری ناو وێستگەكەدا ژنێك –قوربانییەكە-ی بە قەڵەو و ناشرین وەسفكرد، بۆیە منیش چومە لایەوە و بەرلەوەی ماچی بكەم پێموت: تەماشا كە، تۆ قەڵەو و ناشرین نیت، تۆ لە ناوەوە جوانیت".
دەشڵێت "بۆیە ئەوەم كرد، لەبەرئەوەی ویستم بیپارێزم و هەست بە ئارامیش بكات".
ئەستێرەكەی پێشوی تۆپی پێی ئینگلتەرا رەتیدەكاتەوە ئەوەی كردویەتی دەستدرێژی سێكسی بێت، دەشڵێت "ماچكردن گێچەڵ كردن نییە".
گاسكوین لەنێوان ساڵانی 1988 بۆ 1998 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یاری كردوە و لە 57 یاریدا ئامادەیی هەبوە، بەڵام دواتر توشی ئالودەبون بە مادەی هۆشبەر و كهولییەكان بوو.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group