عێراق دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ سوریا داخست

18/10/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە؛ بەهۆی شەڕ و روبەڕوبونەوەكان و هێرشی توركیا سەرجەم سنورەكان و دەروازەكان بە روی سوریادا داخراون، وەك هەوڵێك بۆ رێگریی كردن لە دزەكردنی كەسانی تۆمەتبار و گومانلێكراو.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، لە كۆبونەوەی نێوان نەوفەل بەها موسا وەزیری كۆچ و كۆمیسیاری مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان گفتوگۆ لەسەر ئەگەری ئاوارەبونی دانیشتوانی باكوری سوریا كراوە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و مامەڵەكردن لەگەڵ خێزان و كەسوكاری چەكدارانی داعش كە ئێستا لە كامپی هۆلی دێركن.
وەزیری كۆچی عێراق راشیگەیاندوە: سەرجەم دەروازە سنورییەكان و نزیك لە ناوچەكانی شەڕ لەگەڵ سوریا داخراون، لەگەڵئەوەشدا پێویستیان بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵ كردن و رێگریی كردن لە دزەكردنی كەسانی گومانلێكراو و تۆمەتبار كە خۆیان بخزێننە ناو كاروانی ئاوارەكانەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group