ئەبو سەراقە: پیاو و ژن و منداڵە ئێزدیەكانمان كوشت و كچەكانمان برد

20/10/2019 عێراق

نەوا
ئەبو سەراقە یەكێك لە چەكدارە مەترسیدارەكانی رێكخراوی داعش لەبەردەم دادگای عیراقیدا چۆنێتی هەڵكوتانەسەر ناوچەی ئێزدیەكانی گێڕاوەتەوە و دەڵێت "بەشداریم لە لەناوبردنی ئێزدیەكاندا كردوە و چوینەسەر كۆمەڵگەی قەحتانیە و ژنان و منداڵ و پیاوەكانمان كوشت و كچە گەنجەكانمان دەستبەسەركرد".
سەرچاوەكانی هەواڵی عیراق بڵاویانكردوەتەوە، ئەبو سەراقە لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا لەبەردەم دادوەردا دانی بەسەرجەم تاوانەكانیدا ناوەو وتویەتی "لەساڵی 1989 لەدایكبوە و لە ناحیەی گەیارەی سەربە پارێزگای نەینەوا دانیشتوەو پیشەی كاسب بوە، لە رۆژی 2-7-2014 پەیوەندی بەرێكخراوی داعشەوە كردوە، چونكە بڕوای بە بیرۆكەكانیان هەبوە، بەشداری چەندین خولی سەربازی و ئایینی لە رێكخراوەكە كردوەو دواتر ئەركی سەرپەرشتی ئامێرەكانی (هۆكی تۆكی) لەكەرتی گەیارە پێ سپێردراوە".
باسی لەوەشكردوە، دوای ئەوەی فەرمانیان پێكرا گروپەكەی، كە لە 15 چەكدار پێكهاتبون بچن بۆ شەڕ لەقەزای شنگال، لەگەڵ چەند گروپێكی دیكەدا رۆیشتون و كاتژمێر 3ی سەرلەبەیانی هێرش بۆسەر كۆمەڵگەی قەحتانیەی ئێزدیەكان دەستیپێكرد و نزیكەی 200 چەكدار بەشداربون لە پەلامارەكەدا.
بەپێی گێڕانەوەكانی، دوای ئابڵوقەدانی كۆمەڵگاكە بەبێ‌ شەڕ چونەتە ناوی و سەرجەم كچە ئێزدیە گەنجەكان بەدیلگیراون، هەروەها پیاو و گەنج و ژنە بەتەمەنەكان و ئەو منداڵانەشی تەمەنیان لە 3 ساڵ تێپەڕیبو سەرجەمیان كوژران، سەرەڕای ئەوەش لەكاتی گرتنیان لەناو شەقامەكاندا ژمارەیەكی زۆر ئێزدی كوژران.
سەبارەت بەو منداڵانەی لە تەمەنی 3 ساڵ منداڵتربون، ئەبو سەراقە دەڵێت "دایكیان وەك سەبایا دەبراو ئەوانیش بەبێ‌ نان و ئاو جێدەهێڵران بۆئەوەی لەبرساندا و لەتینوێتیدا بمرن، ئەو فەرمانەش لە كەتیبەكەمانەوە دەرچوبو، سەبایاكانیش بەسەر چەكدارەكاندا دابەشكران و هەر لەناو ماڵەكانی كۆمەڵگەی قەحتانیە دەستدرێژیان كرایەسەر".
ئەو چەكدارەی داعش باسی یەكێك لەو شەڕانە دەكات، كە بەشداری تێدا كردوە و دەڵێت "لە مانگی 3ی ساڵی 2015دا كاتژمێری 1ی سەرلەبەیانی هێرشمان كردەسەر هێزە ئەمنیەكان لەقەزای بێجی و چەكی سوك و مامناوەند و قورس بەكارهێنرا بەهۆی توندی شەڕەكەوە پاشەكشەمان كرد بۆ كەرتی گەیارە و لەوێش پێكدادان رویدا، دواتر چوینە ناحیەی حەمام عەلیل و لەوێشەوە كشاینەوە بۆ كەرتی جزیرە، دوای شكستەكانیشمان چەكەكەم لەناوچەی جزیرە فڕێدا و هەڵاتم و خۆم شاردەوە".
سەبارەت بەدەستگیركردنی باسی لەوەكردوە، دوای خۆشاردنەوە بۆ ماوەیەك، چوەتە كەمپی جدعە و لەوێشەوە چوەتە موسڵ و ماوەیەك لەوێ‌ بوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ كەمپی جدعە، بەڵام لەوێ بەهەوڵە هەواڵگریەكان دەستگیركراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group