ئیسپەر: رەنگە بەشێكی هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ هەسەدە بمێننەوە

21/10/2019 جیهان

نەوا
وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد، بۆی هەیە بەشێكی هێزەكانیان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتیك "هەسەدە" بهێڵنەوە بۆئەوەی داعش و لایەنەكانی دیكە دەستیان نەگاتە كێڵگەكانی نەوت.
ئیسپەر، كە بە سەردانێك لە ئەفغانستانە، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، بژاردەی هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانیان لەگەڵ هەسەدە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا لەبەردەمدایە. وتیشی "ئێستا بەشێكی هێزەكانی ئەمریكا لە نزیك كێڵگە نەوتییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریان و لەهەماهەنگیدان لەگەڵ هەسەدە".
لێدوانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەكاتێكدایە، چەند كاروانێكی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستانەوە بە دەروازەی سحێلای پارێزگای دهۆكدا تێپەڕین و گەیشتنە هەرێمی كوردستان.
لەوبارەیەوە ئیسپەر ئاشكرایكرد، ئەو هێزانە لە خۆرئاوای عێراق جێگیردەكرێن بۆئەوەی لەو ناوچەیەوە چاودێریی دۆخی سوریا بكەن و نەهێڵن داعش سەرهەڵبداتەوە.
پێشتریش چەند سەرچاوەیەكی هەواڵی ئەمریكی بڵاویانكردەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا پلانێكی لەبەردەستدایە تا 200 سەربازی هێزی تایبەتی وڵاتەكەی لە خۆرهەڵاتی سوریا بهێڵێتەوە بۆ رێگریكردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و دەستنەگەیشتنی سوریا و روسیا و ئێران بە كێڵگە نەوتییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group