كێ نرخی بەنزینی لە سلێمانیدا هەرزان كرد؟

26/10/2019 نەوا

لە ژمارەیەك بەنزینخانەی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێك بەنزین 50 دینار دابەزینی بەخۆوەبینی و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوە دەكات ئەو دابەزینە پەیوەندیی بە دابەزینی نرخی نەوتی خاوەوە هەیە لە بازاڕەكانی جیهاندا.
كەریم عەلی كەریم سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا، وەك ئەنجومەن هیچ جۆرە بڕیارێكی لەو چەشنەیان نییە تایبەت بە دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی و ئاشكرایكرد ئەوە تەنیا بازرگانەكانن دەتوانن مامەڵە بە دابەزاندنی نرخەوە بكەن.
كەریم عەلی كەریم ئاماژەی بەوەشدا چەند هۆكارێك هەن وا دەكەن نرخی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین دابەزین بەخۆوەببینێت، كە ئەویش زیادكردنی تەندەری سوتەمەنییە بۆ بازرگانەكان ئەوەش وا دەكات ژمارەی بازرگانانی سوتەمەنی زیادبكەن و لەئەنجامدا كێبڕكێ بكەوێتە نێوان كۆمپانیاكانی سوتەمەنییەوە تا زیاتر نرخەكەی دابەزێنن.
راشیگەیاند هەركەس و لایەنێك دابەزینی نرخی سوتەمەنی وابەستە بكات بە بڕیاری خۆیەوە دورە لەراستییەوە و ئەو دابەزینە پەیوەندی بە هیچ بڕیارێكەوە نییە. تەنیا كێبڕكێی بازرگانەكانە بۆ دابەزاندنی نرخ

لاپەڕەی تایبەتی پارێزگای سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە دوای كۆبونەوەی هەڤال ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەكانی سلێمانی، نرخی لیترێك بەنزین 50 دینار دابەزی.
لە هەواڵەكەی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە "پاش كۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ نرخی بەنزین 50 دینار بۆ هەر لیترێك دابەزی".
لەلایەكی دیكەوە، رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، كە پێشتر ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی بوو لە ئەنجومەنەكەدا، ئاماژە بەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی نییە، بەڵام باس لەوە دەكات بەپێی بۆچوونی خۆی، لە ئێستادا بۆ دابینكردنی سوتەمەنی لە پارێزگای سلێمانیدا پشت دەبەسترێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان و ئەو سوتەمەنییەی لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، لەسەدا 20ی بۆ پارێزگای هەولێر دەچێت و لەسەدا 80ی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان دەكرێت و دواتر تێكەڵ بە سوتەمەنییەكانی دیكەی پارێزگاكە دەكرێت و پاشان دابەش دەكرێت.
رێكەوت زەكی یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی سوتەمەنی بەستەوە بە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهانی و بۆرسەی جیهانیدا و دەڵێت "دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بە بازرگانەكان و نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا، كە دواجار وا لە بازرگانانی هەرێم دەكات بۆ كێبڕكێی نێو خۆیان نرخی سوتەمەنی دابەزێنن".
ئەوەی تێبینی دەكرێت لە ژمارەیەك لە بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێك بەنزین 50 دینار دابەزینی بەخۆوەبینیوە و ئەمەش خۆشحاڵی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە. لەكاتێكدا پێشتر و هەر لەمساڵدا دوو جار نرخی بەنزین دابەزینی بەخۆوەبینیوە.

شەوی رابردوو نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەكانییەوە دابەزینی بەخۆیەوەبینی و نرخی لیترێك بەنزینی سوپەر لە 800 دینارەوە بۆ 750 دینار دابەزی، لیترێك بەنزینی موحەسەن لە 725 دینارەوە بۆ 675 دینار و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 650ەوە بۆ 625 دینار دابەزی.
لەلایەن خۆیەوە بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی شاری سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات دوای ئەوەی بەشێوەیەكی هەرزان بەنزین لەلایەن بازرگانەكانەوە دەستخراوە، ئەوانیش بەباشیان زانیوە وەك سودێك بۆ هاووڵاتیان نرخەكان دابەزێنن.
باس لەوەشدەكات دوای ئەوەی بازرگانەكان نرخی دەستخستنی بەنزینیان دابەزاند، ئەوانیش وەك كۆمەڵەی بەنزینخانەكانی سلێمانی پێیان باش بوو بڕیارێك لە قازانجی هاووڵاتیان بدەن بەبێ ئەوەی بیر لە چاوچنۆكی بكرێتەوە.
هەروەها بەهمەن قادر ئاشكرایكرد، پێشنیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین پێشنیاری خۆیان بووە و رۆژی پێنجشەممە لە كۆبونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ئەو پێشنیارەیان داوەتە هەڤاڵ ئەبوبەكر و ناوبراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەرانبەر پێشنیارەكە و دواتر لە شەوی هەینی كاتژمێر 12ی شەو لەكاتی دابەشكردنی بەنزیندا نرخەكان رەوانەكراون بۆ سەرجەم بەنزینخانەكان تاكو پابەندبن بە نرخە نوێیەكەوە.
بەهمەن قادر دووپاتیكردەوە هەموو كارێك دەكەن لەپێناو ئاسانكاریی و هاوكارییكردنی هاووڵاتیان و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group